سەردێڕ:

پشکۆی هاوین هەنگەوانانی دیالەی ناچارکردووە روو لە هەرێم بکەن

PM:05:36:25/07/2021

5296 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەی هەنگەوانانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ هەنگەوان کە زۆربەیان دانیشتووی دیالەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هاتنی وەرزی پشکۆی هاوینەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و تا وەرزی پایز دەمێننەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلوان مەیاحی سەرۆکی کۆمەڵەی هەنگەوانانی عێراق رایگەیاند، کۆچکردن و رووکردنە هەرێم گرتنەبەری رێوشوێنێکی ساڵانەیە کە هەنگەوانانی دیالە و پارێزگاکانی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی زۆربوونی هەنگ هەیە، دەیگرنەبەر و روو لە هەرێم دەکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئامانج لە چوونی هەنگەوانەکان بۆ هەرێم زۆربوونی هەنگەکان و دۆزینەوەی ئەو ناوچانەیە کە گوڵ و گوڵزارییان هەیە.

دەشڵێت، بەشێکی دیکە لە پێناو پاراستنی هەنگەکان لە زەردەواڵە و شەنگە سورە کە مەترسین لەسەر زۆربوونی هەنگەکان لە مانگی هاویندا.

عەلوان مەیاحی ئەوەشی خستەڕوو، لەمساڵدا، هەنگەوانانی دیالە و کەربەلا و بەغدا روویان لە ناحیەی رەبیعە لە نەینەوا و قەزای رانیە لە سلێمانی کردووە.

وتیشی، ساڵانە تا کۆتایی مانگی ئەیلول و سەرەتای وەرزی پایز گەشتکردنی هەنگەوانەکان بۆ هەرێم بەردەوامدەبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، کەشناسی هەرێم و عێراق بەردەوام هۆشیارییانداوە لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئاگاداربوونی هاوڵاتیان لە پاراستنی خۆیان و خۆنەخستنە بەر تیشکی خۆر.













گەلەری