سەردێڕ:

موقتەدا سەدر و نوری مالیکی کۆدەبنەوە

PM:11:54:01/12/2021

5804 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، سبەینێ موقتەدا سەدر و نوری مالیکی کۆدەبنەوە.


نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە تویتەر بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر سبەینێ سەردانی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەکات، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ وردەکارییەکی دیکە بکات.

لە ماوەی رابردوودا، موقتەدا سەدر سەردانی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکانی عێراقی کرد و باسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقیان کرد، بەڵام لەوکاتەدا لەگەڵ نوری مالیکی کۆنەبووەوە و سبەینێ کۆدەبنەوە.

رۆژی چوارشەممە، پاش ئەوەی کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند، ناوی کاندیدە هەڵبژێردراوەکانی بۆ دادگای فیدڕاڵی نارد.

کورسی لایەنەکان بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن؛ رەوتی سەدر ٧٣ کورسی، هاوپەیمانی تەقەدوم ٣٧ کورسی، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ٣٣ کورسی، پارتی ٣١ کورسی، هاوپەیمانی کوردستان ١٧ کورسی، هاوپەیمانی فەتح ١٧ کورسی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٩ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەری یەک کورسی.

مانگی ١٠ی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای نزیکەی ٢٤ کاتژمێر کۆمسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی راگەیاند، بەڵام لە دوای پێداچوونەوە بە ئەنجامەکان گۆڕانکاری لە پێنج کورسی پەرلەمانی عێراق کرا لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق.













گەلەری