AM:10:45:02/11/2025
2408 جار خوێندراوەتەوە
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و حەوت مانگ لە راگرتنی، لێپرسراوی راگەیاندی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە ئێن ئار تی وت، ئەمشەو گەشتە ئاسمانییەکانی فرۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەست پێ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دانا محەمەد لێپرسراوی راگەیاندی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ ئێن ئار تی باسی لەوەکرد، ئەمشەو کاتژمێر ١٠ و نیو فڕۆکەیەک لە ئیستەنبوڵەوە دەفڕێت و کاتژمێر یەک و ١٠ خولەکی شەو دەگاتە فرۆکەخانەی سلێمانی، دواتر لە کاتژمێر سێی شەو هەمان فڕۆکە گەشتێک لە فرۆکەخانەی سلێمانییەوە بۆ تورکیا ئەنجام دەدات.
باسی لەوەشکرد، وا بڕیارە هەفتانە چەند گەشتێک لە نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی
و تورکیادا ئەنجام بدرێت.
کۆمپانیای تورکش ئێرلاین یەکەم کۆمپانیای تورکی بوو ئامادەی بۆ
دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی دەربڕی و هەمان کۆمپانیاش یەکەم
گەشت ئەنجام دەدات، لە سەرەتایشەوە هەفتانە چوار گەشت لە نێوان سلێمانی و تورکیادا
ئەنجام دەدات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و حەوت مانگ بوو گەشتەکانی
نێوان فرۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا، بە بڕیاری ئەنقەرە راگیرابوو، دواجار لە
ناوەڕاستی مانگی رابردوو دەسەڵاتی فرۆکەوانی تورکیا بڕیاریدا بە دەستپێکردنەوەی
گەشتە ئاسمانییەکانیان لەگەڵ فرۆکەخانەی سلێمانی.