سەردێڕ:

سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە کەرکوک: پارتی و یەکێتی تازە بە تازە بەڵێنی هەڵکردنی ئاڵا دەدەن

PM:10:08:01/11/2025

544 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، جێگەی شەرمە پارتی و یەکێتی لە پرسی گەڕاندنەوەی خاکەوە ئێستا بەڵێنی هەڵکردنی ئاڵا دەدەن، وتیشی، بڕیاریانداوە بەشداری حکومەتی عێراق بکەن.


ئەمڕۆ شەممە ١ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، ئومێد محەمەد، سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە کەرکوک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا وتی، "داوا لە هاوڵاتییان دەکەم رۆژی ١١ـی مانگ بە گەرموگوڕییەوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن".

دەشڵێت، "پرسی باڵانسی هێز لە کەرکوک گرنگییەکی زۆری بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان هەیە، "جێگەی شەرمە پارتی و یەکێتی لە پرسی گەڕاندنەوەی خاکەوە ئێستا بەڵێنی هەڵکردنی ئاڵا دەدەن".

وتیشی، "نیگەرانین یەکێتی و پارتی جارێکی دیکە بێن راکان جبوورییەکی دیکە قوت بکەنەوە بۆسەر کەرکوکییەکان، هەرئێستا پارێزگاری کەرکوکیان کاندید کردووە بۆی بەڕێی بکەن بۆ بە‌غدا و رێگە بۆ خۆیان خۆشبکەن، رێککەوتنی هۆتێل رەشید کە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کردوویانە جێبەجێ بکەن و پارێزگارێکی تورکمان یان عەرەب بەسەر کەرکوکییەکاندا قوت بکەنەوە".
باسی لەوەشکردووە، "لە دوای ٢٠٠٣ـەوە بەردەوام کورد زۆرینە بووە لە کەرکوک، بەڵام سیاسەتی یەکێتی و پارتی لە کەرکوک وایکردووە زۆربەی پۆستە گرنگەکانی کەرکوک لای نەتەوەکانی کورد و عەرەب بن، بەمشێوەیە، رێژەی لە ٢٠٪ـی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کوردن، هەروەها لە ٢٢٪ـی فەرمانبەران لە کەرکوک کوردن، لە قەزای و ناحیەکانی کەرکوک سێ قایمقامی عەرەب و یەک تورکمان و هیچ کورد، لە پۆستەکانی ئاسایشی نیشتمانیش کورد لە ٨٪ـی هەیە و لە کۆمپانیای نەوتی باکوور تەنها دوو هەزار و ٥٠٠ فەرمانبەری کورد هەیە".
ئومێد محەمەد جەختی لەوەشکردەوە، "نەوەی نوێ کاردەکات بۆ زیادکردنی پشکی دامەزراندنی کورد لە کەرکوک"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "پارتی و یەکێتی لە کەرکوک تەنها چاویان لە دزینی نەوت و سامان و داهاتی شارەکە بووە".














گەلەری