بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە ١٨٥ هەزار کارمەند لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راسپێردراون بۆ پارێزگاریکردن لە وێستگەکانی دەنگدان.
ئەمڕۆ شەممە ١ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وتی، لەڕۆژانی دەنگدانی تایبەت هەموو هێزە ئەمنییەکان لەسەر ئاستی وڵاتدا دەخرێنە ئامادەباشییەوە.
وتیشی، نزیکەی ١٨٥ هەزار ئەفسەر و کارمەند
لە پاراستنی زیاتر لە حەوت هەزار بنکەی هەڵبژاردن بۆ دەنگدانی گشتی و نزیکەی ٦٠٠
بنکە بۆ دەنگدانی تایبەت بەشدار دەبن.
جەختی لەوەشکردەوە،
کە هیچ بڕیارێک بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆ لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا نییە، بۆ
دڵنیابوونیش لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پارێزراو و بێ گرفت،
چالاکییە ئەمنییەکان لە سنوورەکانەوە تا ناوەندی شارەکان دەستپێدەکەن.
بڕیارە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی ١١ـی ١١ـی ئەمسڵ بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو هەڵبژاردنەش ٢١
ملیۆن و ٤٠٤ هەزار و ٢٩١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە حەوت هەزار کاندیدیش
کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسییەکەی پەرلەمان دەکەن.