سەردێڕ:

دەسەڵاتدارانی هەرێم ١٠ ساڵە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان راگرتووە؛ ئامادەنین دەستیپێبکەنەوە

PM:11:25:29/10/2025

896 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی ١٠ ساڵە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم راگیراوە و تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی ئامادە نین ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕیننەوە کە تەنها پێویستی بە ٤٦ ملیار دینارە، بەهۆی راگرتنی پڕۆسەکەشەوە هەر فەرمانبەرێک مانگانە ٨٠ تا ١٥٠ هەزار دیناریان لێدەبڕدرێت.


یەکێکی تر لەو ستەمانەى دەسەڵاتی پارتى و یەکێتى کە نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوپێش لە فەرمانبەرانیان کردووە، راگرتنى پلەبەرزکردنەوەیە، کە سەرەڕای نەمانی هۆکارەکانی هێشتا ئامادە نین پڕۆسەکە دەستپێبکەنەوە و ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێننەوە.

ئەوکات بە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش و هاتنی ئاوارە و نەناردنی پارە لە بەغداوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان راگرت، بەڵام ئێستا هیچ یەکێک لەو هۆکارانە نەماون و پارتی و یەکێتیش پلەبەرزکردنەوە دەستپێناکەنەوە.

فەرمانبەرانی هەرێم دوو بۆ سێ پلە بەرزکردنەوەیان لەلای حکومەتی ماوەبەسەرچووە و بەوهۆیەوە مانگانە هەر فەرمانبەرێک ٨٠ بۆ ١٥٠ هەزار دیناری لێ دەبڕدرێت و سەرەڕای ئەوانەش حکومەتە ماوەبەسەرچووەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە سەرەمووچەی راگرتووە.

دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە حکومەتی ماوەبەسەرچوو تەنها پێویستی بە ٤٦ ملیار دینارە کەپێشتر پارتى و یەکێتى دەیانوت لەگەڵ نەمانى هۆکارەکان پڕۆسەکە دەستپێدەکەنەوە، تەنانەت دوای دوو مانگ لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان حکومەتی ماوەبەسەرچوو وتی، لیستێکی مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە ئامادەکراوە، بەڵام دواتر لە بیری خۆی بردەوە.

حکومەتی ماوەبەسەرچوو هاوشێوەی دەیان مافی تر کە لە مووچەخۆرانیان زەوتکردووە، بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوە بارگرانییان بۆ سەر شانیان دروستکردووە و لە پاڵ کێشەی مووچە ئەو ئیمتیازاتانەی وەک فەرمانبەرێک هەیانە پێیان نادرێت.













گەلەری