وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، ٩٨ ملیۆن و ١٩٢ ھەزار و ٣١٧ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە کۆی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و ٥٩٠ ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا
ئاماژە بەوەدراوە، کۆی نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، ٩٨ ملیۆن
و ١٩٢ ھەزار و ٣١٧ بەرمیل نەوت بووە کە کۆی داھاتەکەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و
٥٩٠ ملیۆن دۆلار.
باس لەوەشکراوە
کە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی
ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٥ ملیۆن و ٨٦٠ ھەزار و ١٤٩ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو
لە کەرکوک لەڕێگەی بەندەری جیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٣٢ ھەزار و
٦٨٥ بەرمیل.
بەپێی راگەیەندراوەکە
لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٢٧٣ ھەزار بەرمیل ھەناردەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە ٧٧
دۆلار و ٣٣ سەنت فرۆشراوە.