سەردێڕ:

تائێستا زیاتر لە ١٩ هەزار کەس لە کەمپی هۆل گەڕێندراونەتەوە عێراق

PM:01:26:27/10/2025

1004 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، تائێستا ١٩ هەزار هاوڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆلی سوریاوە گەڕێندراونەتەوە. دەشڵێت، گەڕاوەکان پێکدێن لە ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچوو، کە لە چوارچێوەی پرۆگرامێکی چاکسازیی ورد دا بوون بۆ ئامادەکردنەوەیان بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق وتی، لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە و لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق، پرۆسەی گواستنەوەی خێزانەکان ٢٩ جار ئەنجامدراوە.

وتیشی، ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوەو بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، پێشتر نزیکەی ٣١ هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی عێراقی لەو کەمپەدا بوون.

باسی لەوەشکرد، گەڕاوەکان دوای پشکنینی ئەمنیی ورد، دەگوازرێنەوە بۆ "سەنتەری ئەمەل" کە لەو سەنتەرەدا، بەپێی فۆرمێکی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی کە ئاستی کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوی دیاری دەکات، دابەش دەکرێن، دواتر بەرنامەی چاکسازیی تایبەت بۆ هەر گروپێکی تەمەنی جیاواز (منداڵان، گەنجان، ژنان) جێبەجێ دەکرێت.

دووپاتیشیکردەوە، ٧٨ بەرنامەی جۆراوجۆری چاکسازی جێبەجێ کراون ئەم بەرنامانە لەلایەن دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆکانی عێراق (وەک بەغدا و نەینەوا) و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن تیمی پسپۆڕی دەروونی و ئەفسەرانی ئەمنیی راهێنراو، سەرپەرشتی ئامادەکاریی فیکری و دەروونی گەڕاوەکان دەکەن.

وتیشی، یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، رێگریکردن بووە لە دروستبوونی هەر جۆرە پێکدادان و گرژییەک لەنێوان گەڕاوەکان و خەڵکی ناوچەکەدا، کە ئەمەش لە رێگەی بەرنامەکانی ئاشتەوایی نیشتمانییەوە مسۆگەر کراوە.













گەلەری