سەردێڕ:

دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد

AM:10:01:27/10/2025

1188 جار خوێندراوەتەوە

دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لە کۆتایی مانگی ١٠ـوە دەستیپێکرد و بەهۆیەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لەبەردەم بانکەکاندا دروستبووە و خانەنشینان دەڵێن، لە کاتژمێر شەشـی بەیانییەوە لە نۆرەگرتنی مووچەدان.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و دارایی و چاودێری دارایی، خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان دابەش دەکرێت، جێی باسە، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تییان وت، لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە لە نۆرەی مووچەدا وەستاون.

هاوکات، سبەی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە، خاوەن پێداویستی تایبەت، وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە، تەندروستی، ناوخۆ، داد، پلاندانان، ئەنجومەنی دادوەری دابەشدەکرێت.

هەر سبەینێ، مووچەی بازرگانی و سامانە سروشتییەکان و گواستنەوە، کشتوکاڵ، شارەوانی دابەش دەکرێت و رۆژی چوارشەممەش مووچەی وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و کارەبا، ئەوقاف و خوێندنی باڵا و سێ سەرۆکایەتییەکە، پێشمەرگە و یەکەی ٧٠ و ٨٠ و پۆلیسی نەوت لەگەڵ مووچەی ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگریی فریاکەوتن دابەشدەکرێت.

ئەمە کۆتا مووچە دەبێت کە پێش هەڵبژاردن دابەشدەکرێت، ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتی ماوەبەسەرچوو پێشتر رایگەیاندبوو رادەستکردنی نەوتەکە بۆ سێ مانگە و بۆ کاتی هەڵبژاردنە، بەوەش چارەنوسی چەند موچەیەکی ئەمساڵ بە نادیاریی دەمێنێتەوە.













گەلەری