شاسوار عەبدولواحید لە پەیامێکی دەنگی نوێدا دەڵێت، جێی شەرمەزارییە کە خەلکی دوای ٣٤ ساڵ باوەڕ بە پارتی و یەکێتی بکەنەوە، بۆیە دروشمی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردن ئەوەیە کە دەسەڵات ئەم جارەش درۆ دەکەن، دەشڵێت، تاکە چارەسەر ئەوەیە کە خەڵک لە رۆژى ١١ـی ١١ و هێزە ئەمنیەکان لە ٩ـی ١١ بڕۆن بۆ دەنگدان و دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی تشرینی یەکەمـی ٢٠٢٥، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندانەوە پەیامێکی دەنگی ئاڕاستەی هاوڵاتییان دەکات و دەڵێت،"وەک هەمووتان دەزانن، درووشمی نەوەی نوێ بۆ ئەم هەڵبژاردنە بریتییە لە " ئەمجارەش درۆ دەکەن"، داواکارم لە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەر هەمووتان بە هیچ شێوەیەک باوەڕ بە درۆی ئەم دەسەڵاتە نەکەن، ئەمانە ٣٤ ساڵە درۆ دەکەن و ئێستاش هەرچییان وت درۆ دەکەن."
دەشڵێت، "
لەبەر ئەوە بەڕاستی شەرمە خەڵکێک دوای ٣٤ ساڵ باوەڕ بەمانە بکاتەوە، هەر کەسێک
باوەڕی بە دەسەڵات یان بە کاندید و پیاوانی دەسەڵات هەبێت، ئەوا خوانەخواستە گومان
لە عەقڵ و هۆشیاری خۆی بکات".
وتیشی، " هیچ
کەسێک نایەوێت باوەڕ بەمانە بکات وەک وتم دوبارە درۆدەکەن، وەک چۆن جاری پێشوو
قسەکانمان هاتەدی، ئەو هەموو درۆیەیان کرد و دوایی هیچیان نەبردە سەر، ئەمجارەش
درۆ دەکەن".
ئاماژەی
بەوەشکرد، " تاکە چارە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە رۆژی ١١ـی ١١ بۆ
دەنگدانی گشتی هاوڵاتییان بڕۆن دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ و هێزە ئەمنییەکانیش رۆژی
٩ـی ١١ دەنگ بدەن بە نەوەی نوێ".
لە درێژەی نامە
دەنگییەکەدا دەڵێت، " باوەڕ بکەن ئەوەی زەڕەیەک ویژدانی هەبێت، ئەوەی زەڕەیەک
ئیمان لە دڵیا هەبێت و خوا بناسێت، ئەوا بەرگری لە حەق دەکات و دژی ئەم زاڵمانە
دەوەستێتەوە، وە کە بەرگری لە حەق دەکات لەناو ئەوانە دەنگ دەدات بە نەوەی نوێ، لیستی
٢٨٨ و ئەم لیستە سەردەخات بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە رزگاری بێت، وە دەیبینین کە رزگاری
دەبێت".
باسی لەوەشکرد،"
بەس خوا بکات ئەم خەڵکە یەک تۆز زیاتر بڕوات بۆ دەنگدان و دەنگ بدات بە نەوەی نوێ،
بزانن ئیشەڵا چۆن خۆشی و دڵخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ سەر لێوی هەمووتان و دۆخی کوردستان خۆش
دەبێت پشت بە خوای گەورە".
لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی
هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید و بەبێ ئاگاداری پێشتوەختە
دەستگیریانکرد، گوایە لەسەر چەند سکاڵایەک کە تا ئێستا لە دادگای سلێمانی بەڵگەیان
لەسەر نەهاتووەتەوە؛ دادگای سلێمانی سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
کاردانەوەکان لەبارەی ئەم پرسەوە بەردەوامبوون و میدیا ناوخۆییەکان و
دەرەکییەکان ئەوەیان خستەڕوو، کە دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە لەدوای ئەوەهات،
کە هەفتەیەک پێش ئەوە شاسوار عەبدولواحید رایگەیاندبوو، ئەگەر هەرێم چارەسەری
کێشەی مووچە نەکات و لەگەڵ بەغدا رێکەوتنەکانی جێبەجێ نەکات؛ ئەوا هەڵوێستی جدییان
دەبێت، هاوکات وادەی دەستگیرکردنەکەی کە نزیک بووە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی
عێراقەوە، جێی پرسیارە.