سەردێڕ:

لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللـە لە ئەمریکا سێ خوێندکار کوژران

PM:01:20:01/12/2021

2192 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللـە لەلایەن خوێندکارێکی تەمەن ١٥ ساڵانەوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی دەوروبەری ئۆکسفۆرد لە ویلایەتی میشیگان لە ئەمریکا سێ خوێندکار کوژران و ھەشت کەسی دیکە برینداربوون.


مایکڵ ماکابی بەرپرس لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی ئۆکلاند رایگەیاند، کەسێکی گومانلێکراو کە خوێندکاربووە لە یەکێک لە خوێندگاکانی ئۆکسفۆرد لە ویلایەتی میشیگان دەستڕێژی گوللـەی کردووە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە. ھاوکات، ھیچ ئاماژەیەکی بە ھۆکاری پشت رووداوەکە نەدا.
ئەوەشی خستەڕوو، زیاتر لە ١٠٠ پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵدا ئەنجامداون و پێیان راگەیاندوون کە مێردمنداڵێک دەمانچەی پێیە و لەچەند خولەکێکدا ١٥ بۆ ٢٠ جار دەستڕێژی گوللـەی کردووە.
دەشڵێت، لەئەنجامی رووداوەکە خوێندکارێکی کوڕی تەمەن ١٦ ساڵ و دوو خوێندکاری کچی تەمەن ١٤ و ١٧ ساڵ کوژراون و ھەشت کەسی دیکە، کە یەکێکیان مامۆستای خوێندنگاکەیە برینداربوون.
لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارەی دەستڕێژی گوللـەی کردبوو،  مایکڵ ماکابی بەرپرس لە بنکەی پۆلیسی ناوچەی ئۆکلاند باسی لەوەکرد، لەکاتی دەستگیرکردنیدا خوێندکارەکە ھیچ بەرگرییەکی نەکردووە و خوێندنگاکەشەی ھەزار و ٨٠٠ خوێندکاری تێدایە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەھۆی ئەوەی ھەڵگرتنی چەک لەلایەن ھاوڵاتییانەوە لەروی یاساییەوە رێگە پێدراوە، ساڵانە رووداوی کوشتن و بریندار کردن لە رێگەی دەستڕێژی گوللـەوە لەلایەن ھاوڵاتییانەوە بەتەمەن و رەگەزە جیاوازەکانەوە چەندین جار لە ئەمریکا دووبارە دەبێتەوە.












گەلەری