سەردێڕ:

ئومێد بەرۆشکی: ئازادکردنم دڵخۆشی نەکردووم چونکە چەندین کەس بەناحەق لەزیندانن

PM:07:59:23/10/2025

1480 جار خوێندراوەتەوە

دوای نۆ مانگ لە زیندان ئومێد بەرۆشکی، رۆژنامەنووس و چالاکوان ئازادکرا و بۆیەکەمجار لە ئێن ئاڕ تییەوە وتی، "دەستگیرکردنم سیاسی بووە و ئازادکردنیشم دڵخۆشی نەکردووم چونکە چەندین کەس بەناحەق لەزینداندان". دەشڵێت، پێویستە هاوڵاتیان و رێکخراوەکان هەڵوێستی جدیان هەبێت و فشار بکەن بۆ ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید و ئەو کەسانەی بەناحەق سزادراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئومێد بەرۆشکی، رۆژنامەنووس و چالاکوان لە دهۆک لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا وتی، له بادینان هەرکەسێک لەدەرەوەی دەسەڵات کاربکات ئاستەنگی و گرفتی بۆ دروست دەکرێت و بەردەوامیش فشار لەدەنگی ناڕازی و ئازاد دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئازادکردنم دڵخۆشی نەکردووم چونکە چەندین کەس بەناحەق لەزینداندان و دەستگیرکردنەکەشم سیاسی بووە و پەیوەندی بە چالاکییەکانی رابردوومەوە هەبووە و ئەو تۆمەتانەی لەسەری زیندانیکراوم بێبنەما بوون".

وتیشی، هەرکەسێک لەبەرژەوەندی بنەماڵەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان کارنەکات توشی مەترسی دەبێتەوە و ئەگەر کەسێک هەرکەسێک بەرگری لەخەڵک بکات تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی بۆ دروست دەکەن، ئەو شێوازەی لەحکومڕانی لەهەرێمدا هەیە زۆر مەترسیدارە بۆ داهاتووی هەرێم.

باسی لەوەشکرد، پێویستە لەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید و ئەو کەسانەی بەناحەق سزادراون، هاوڵاتیان و رێکخراوەکان هەڵوێستی جدیان هەبێت و پێویستە فشار دروست بکرێت نۆ ئازادکردنیان.













گەلەری