کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بە مەبەستی زیادکردنی متمانەی دەنگدەران و دڵنیابوون لە ئەنجامەکان، کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سیستمێکی تەکنیکی زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، زیاتر لە ٤٠ هەزار ئامێری پێشکەوتوو بۆ ژماردن و جیاکردنەوە و ناردنی دەنگەکان ئامادەکراوە.
ئاماژەی
بەوەشکرد، ئەنجامەکان لە رێگەی مانگی دەستکردی "ثورەیا"وە راستەوخۆ لە
بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ سەنتەری نیشتمانی دەنێردرێن بەبێ ئەوەی بە هیچ تۆڕێکی
ئینتەرنێتدا لەناو عێراقدا بڕۆن، ئەمەش وا دەکات پرۆسەکە پارێزراو بێت لە هەر
دەستێوەردانێک یان هاککردنێک.
وتیشی،
ئامێرەکان هیچ دەرچەیەکی پەیوەندی دەرەکییان نییە و ئاماژە لە هیچ تۆڕێکەوە
وەرناگرن وەک سیستمێکی داخراو کار دەکەن پەیوەندی نێوان ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوە
و ژماردنیش لە رێگەی کێبڵێکی ناوخۆیی پارێزراوەوە دەبێت.
دەشڵێت، خشتەی
کاتی دیاریکراوی بۆ ناردنی ئەنجامەکان دانراوە و لە ماوەی شەش کاتژمێردا دوای
کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان دەنێردرێن و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا رادەگەیەندرێن،
هەروەها ناوەندێکی تایبەتیش بۆ وردبینی لە ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی دامەزراوە.