سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندی کارمەندانی گەیاندن دەرکرد و دەڵێت، ئاسانکاری دەکرێت لە تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و گومرگ، لەگەڵ کەمکردنەوەی کرێی تۆمارکردنیان، هەروەها، سەندیکایەکی گشتییان بۆ دادەمەزرێت.
بە گوێرەی نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەپێناو پاراستنی مافی ئەو كەسانەی لە كەرتی گشتی و تایبەتی كاردەكەن، چەندین راسپاردەی پەسەندکردووە کە تیایدا هاتووە، شۆفێرانی گەیاندن لە دەستەبەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی پاراستنی حکومی تۆماردەکرێن.
بە گوێرەی
راگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارانەش لە بەرژەوەندی کارمەندانی گەیاندن (دیلیڤەری) دەرکراوە:
١- دامەزراندنی
سەندیکایەکی گشتی بۆ کرێکارانی گەیاندن بەپێی بڕگەکانی یاسای رێکخستنی سەندیکاکان
ژمارە ٥٢ـی ساڵی ١٩٨٧، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ
ئەوەی ببێت به نوێنەری فەرمی ئەم توێژە.
٢- ئامادەكردنی
بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی بە سەرپەرشتی وەزارەتی گواستنەوە، بۆ رێکخستنی پەیوەندی
نێوان کۆمپانیاکانی گەیاندن و شۆفێران و زامنکردنی مافی هەردوولا.
٣- ئاسانکاریكردن
بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و گومرگ، کەمکردنەوەی
کرێی تۆمارکردنیان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ وێستگەكانی بەنزینخانە بەپێی رێسای
دیاریكراو.
٤- وەزارەتی
ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکرێن، کە لە کاتی دەوامی
شەوانەدا هاوکاری ئەمنی پێشكەش بە شۆفێران و ماتۆڕسوارەکان بکەن.
٦- دابینکردنی قەرزی بچووک و ئاسان
لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە، بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی، بۆ
پاڵپشتیکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان.
٧- داواکردن
لە کۆمپانیاکانی گەیاندن و چێشتخانەکان کە پابەندبن بە کاتی کارکردن و کرێی
کارکردن، بەگوێرەی ستانداردەکانی سەلامەتی و مافی کار.
٨- فەرمانگە
تایبەتەكان لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، و
فەرمانگەی بەشی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی، هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا
دەکەن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگە پەیوەندیدارەكان بە خزمەتگوزاری گەیاندن،
و لە ماوەی ٦٠ رۆژدا راپۆرتێک پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران
دەکەن.