ھەزاران بەکارھێنەری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە تیایدا دەردەکەوێت ھەسارەکانی زوھرە و عەتارد و زوحەل لەسەر ھەرەمەکانی خوفو و خەرەع و مینقەرەع لە جیزە دەرکەوتوون و بەیەک ریز لەسەر لوتکەی ئەو سێ ھەرەمە وەستاون. ھەروەھا، بەزمانی عەرەبی و چەند زمانێکی دیکە لەسەریان نوسیون، "ئەم دیاردەیە ھەر دوو ھەزار و ٣٧٣ ساڵێک دووبارە دەبێتەوە."
بەشی خزمەتگوزاری ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس ئاشکرای کردووە، وێنەکە دروستکراوە و ھیچ راستییەکی تێدانییە. دەشڵێت، بەگوێرەی زانایانی گەردونناس و لەروی زانستییەوە روودانی شتێک لەوجۆرە دوورە لەراستییەوە.
بڵاوکراوەکە خەڵکی ناچارکردووە بەدواداچوونی بۆبکەن و دەرکەوتووە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١١ دروستکراوە و ھەزاران کاردانەوەی بەدوای خۆیداھێناوە.
وێنەکە لە بنەڕەتدا لە ساڵی ٢٠٠٨ گیراوە و بڵاوکراوەتەوە و ھیچ ھەسارەیەک لەسەر لوتکەی ئەو سێ ھەرەمە دەرنەکەوتووە و وێنەکەش لەلایەن ماڵپەڕێکی تایبەت بە گەشتوگوزراوە بڵاوکراوەتەوە.
لەروی زانستیشەوە، شتێکی ئاساییە لە ساڵێکدا رووبدات سێ ھەسارە بەڕیز و یەک لەدوای یەک دەرکەون، نەک تەنھا لە ماوەی دوو ھەزار و ٣٧٣ ساڵدا یەکجار ئەو دیاردەیە رووبدات.
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس بۆچوونی چەند گەردونناسێکی وەرگرتووە و بەگوێرەی لێدوانەکانیان ئاماژەیان بەوەداوە ھەندێ دیاردە لە وێنەکەدا ھەن کە ھیچ لۆژیکی نین.
خوان ئەنتۆنیۆ ئەفیلیس پسپۆڕ لەبواری فیزیای گەردونیدا ئاماژەی بەوەدا، دەرکەوتنی دیاردەی سێ ھەسارە بەشێوەی ریز و یەک لەدوای یەک، دیاردەیەکە ناکرێت لە باکوری ئاسمانی ناوچەی جیزە دەربکەوێت، ئەو ئاراستەیەی وێنەکەی پێگیراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "درەوشانەوەی ھەریەک لە عەتارد و زوحەل یەکسانن و ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە کە تانە لە راستی و دروستی دیاردەکە دەدات، چونکە ھەرگیز ناگونجێت ئەو ھەسارەیە یەکسانبن لە درەوشانەوەدا، ئەمەش پێمان دەڵێت، کە وێنەکە نالۆژیکیییە".