سەردێڕ:

سەرۆکى بیلاروسیا لەبارەى گیانلەدەستدانى کۆچبەران رونکردنەوە دەدات

PM:02:21:29/11/2021

6688 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى بیلاروسیا لەبارەى قەیرانى کۆچبەرانى سەر سنور و گیانلەدەستدانیان وڵاتى پۆڵەندا تۆمەتبار دەکات و رایگەیاند "کار گەیشتووتە ئەوەى خەڵک بکوژن".


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەلکسەندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکى بیلاروسیا لەمیانەى کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى وڵاتەکەى ئاماژەى بە دۆخى کۆچبەران کرد.

لۆکاشینکۆ روونیکردەوە "لە قەیرانى کۆچبەراندا کار گەیشتووەتە ئەوەى خەڵک بکوژن و دوێنێ هەستان بە فڕێدانى تەرمێک لەسنورەوە بۆ ناو خاکى ئێمە".

وتیشى "ئەمڕۆش پاسەوانى سنورى وڵاتەکەمان تەرمێکى تریان دۆزییەوە و بەهەمان شێوە فڕێیاندایە ناو خاکى بیلاروسیا".

لۆکاشینکۆ ئاماژەى بەوە کرد "ئەوانەى گیانلەدەستدەدەن و ئەوانەشى کە هێشتا لەژیاندا ماوون دەخەنە ناو کیسەوە و پاشان فڕێیاندایە ناو خاکەکەمان".

قەیرانی کۆچبەران ماوەی زیاتر لە مانگێکە دروستبووە لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاندووە بە ھەموو شێوەیەک دژی وەرگرتنی کۆچبەرانن بۆ ناو خاکەکەیان.

ھاوکات، لەناو کۆچبەراندا خەڵکی ھەرێمی کوردستان و عێراق بوونیان ھەیە و بەشێک لە کۆچبەران تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە و لە سنورەکان ماونەتەوە و تا ئێستاش بەشێکیان بە چوار کاروان کە ھەزار و ٤٥٨ کۆچبەرە لەرێگەی فرۆکەخانەی ھەولێر و بەغداوە گەڕاونەتەوە.

لە دوایین لێدوانیشیدا، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا جگە لە دوو دانەیان نەبێت بەتێکڕا دژی کردنەوەی سنورەکانی یەکێتیەکەن بە رووی کۆچبەراندا.













گەلەری