حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، شاندیان راسپاردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و بڕیارە شاندەکە سبەینێ لەگەڵ بەغدا کۆببنەوە و پرسی داهاتی ناوخۆش چارەسەربکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا شاندێکی باڵایان راسپاردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببنەوە و بەزووی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەبارەت بە
داهاتی ناوخۆ شاندەکە گفتوگۆدەکەن، بۆئەوەی بگەن بە چارەسەری کۆتایی و ئەو پرسە
لەگەڵ بەغدا یەکلابکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکان هەر لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێم راپۆرتی
کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغدا پێشکەشکردووە و وتوویانە، بەغدا داوای سەرجەم داهاتی
فیدراڵی دەکات و دواتر وەزارەتی دارایی عێراق ٥٠٪ـی داهاتەکە رادەستی هەرێم
دەکاتەوە و وتووشیانە، بەغدا لەسەر داواکارییەکانیان بۆ هەناردەی نەوت سوورن.
بەپێی زانیارییەکان هۆکاری رێککنەکەوتنی هەرێم و بەغدا ئەوەیە کە هەرێم لە
سەرووی ١٦ دۆلارەکەوە داوای سێ دۆلاری دیکەی کردووە بۆ تێچووی گواستنەوە و
دەرهێنانی نەوتەکە، هاوکات لەسەر داهاتی ناوخۆش هەرێم نایەوێت داهاتی باج و رسومات
رادەستبکات، چونکە لە سەدا ٦٢١ باجیان زیاد کردووە و دەیەوێت سەرجەمی داهاتەکە
بۆخۆی بێت.
بۆ یەکلاکردنەوەی ئەمانەش شاندەکەی هەرێم بڕیارە سبەینێ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ
بکەن و لە ئەگەری رێککنەکەوتنیشیاندا دۆسییەکە دەبرێتە دادگای فیدراڵی و لەوی
بڕیاری لەسەر دەدرێت.