سەردێڕ:

راوێژکارێکی کازمی وادەی ئاشکرا کردنی بەڵگەکانی ھەوڵی کوشتنی کازمی راگەیاند

AM:08:56:27/11/2021

9412 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەچەند رۆژی داھاتوودا وێنە و ڤیدیۆی بەڵگەکانی ھەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی وڵات ئاشکرا دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە، موشریق عەباس راوێژکاری سیاسی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتەری خۆی بڵاوی کردەوە، لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەندێک لە راستییەکانی ھەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیرانی وڵات بە وێنە و ڤیدیۆوە بڵاودەکرێتەوە.
دەشڵێت، "ھیچ گوێ بەو ھەوڵانە نادەین بەنیازن خەڵکی چەواشەبکەن، راستی ھیچ کات نامرێت".
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ ھەینی، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە تویتەری خۆی داوای کرد ھەرچی زانیارییەک و بەڵگەیەک ھەیە لەسەر ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران لەبارەی ئەو ھێرشەی لەسەرەتای ئەمانگەوە کرایە سەر ماڵەکەی ئاشکرا بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر لە ئێستادا ھیچ بەڵگەیەک ئاشکرا نەکرێت، ئەوا ناچاردەبن لە داھاتوودا خۆیان ئەو کارەبکەن.
درەنگانی شەوی ٦ لەسەر ٧ی ئەم مانگە، بە سێ فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو و بە ئامانجی "کوشتنی" سەرۆک وەزیرانی عێراق ھێرشکرایەسەر شوێنی مانەوەی لە ناوچەی سەوز، بەڵام بە سەلامەتی رزگاری بوو.
کاتژمێر ٢ی شەو لە ھێرشێکدا ھەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی درا، شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆکەی بۆمبڕێژکراو شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کرایە ئامانج.
ھاوکات، بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ ئەو گروپە چەکدار و لایەنانە تۆمەتبارکراون کە نزیکن لە ئێرانەوە و لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەستبھێنن.

کـ ، ئـ












گەلەری