سەردێڕ:

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی گەرمیان چەند بڕیارێکی دەرکرد

PM:11:28:24/07/2021

9812 جار خوێندراوەتەوە

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیان چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد و دەشڵێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆناوە ئەو بڕیارانەیان داوە.


دەقی بڕیارەکان:

١.بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان توشبوون بە پەتای کۆرۆنا و رێژەی مردن رووی لە زیادبوون کردووە، بۆیە ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان داوا لە هاوڵاتیان دەکات رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر و خۆیان بەدور بگرن لە شوێنە قەرەڵغەکان.

٢.پێویستە سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندان لە فەرمانگەکاندا بە بەستی ماسک و رەچاوکردنی دوری نێوانیان رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر و هاوڵاتیانیش لەکاتی سەردانیکردن بۆ فەرمانگەکان، دەبێت ماسک ببەستن بەپێچەوانەوە مامەڵکانیان رایی ناکرێت.

٣. داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری ئیدارەی گەرمیان دەکەین پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوەش لەپێناو پاراستنی خۆیان و دەوروبەریان لە توشبوون بە بە کۆرۆنا.

٤.رۆژی یەکشەممە (٢٠٢١/٧/٢٥) تاقیکردنەوە وزارییەکان دەستپێدەکات، پێویستە لە هۆڵەکانی خوێندن خوێندکاران و مامۆستایان رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بگرنە بەر و بۆ ئەو مەبەستە هەموو پێداویستیەکانی خۆپارێزی دابیندەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تەندروستی هەرێم رایگەیاندووە، ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رووی لە زیادبوون کردووە و بەو هۆیەشەوە هەریەکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر و سلێمانیش بڕیاری نوێیان دەرکردووە.













گەلەری