سەردێڕ:

بەهۆی داڕمانی لیرەوە، کۆمپانیای ئەپڵ فرۆشتنی بەرهەمەکانی لەتورکیا راگرت

PM:08:47:25/11/2021

12944 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ئەپڵ فرۆشتنی بەرهەمەکانی بەشێوەی ئۆنلاین لەوڵاتی تورکیا بەهۆی ئەو هەڵئاوسانە ئابورییەی توشی وڵاتەکە هاتووە، راگرتووە.


ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیای ئەپڵ هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخەکەوە نەداوە و تەنها ئەوە نەبێت کە فرۆشتنی بەرهەمەکانی راگرتووە لە وڵاتەکەدا.

بەگوێرەى ئاژانسەکە کاتێک کەسێک بچێتە ناو ئەپڵیکەیشنی سایتی ئەپڵەوە لە تورکیا هەموو بەشەکان کار دەکەن جگە لەبەشی کڕین، بەهۆی ئەوەی رێژەی هەڵئاوسانی ئابوری لە تورکیا ٢٠٪ـی تێپەڕاندووە و لیرەی تورکی ٪١٥ی بەهاکەی لەدەستداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی ماڵپەڕی CNBCبەر لە دوو ساڵ و لەهەمان کاتدا لیرەی تورکی بە ٥.٦ لیرە بەرامبەر بە یەک دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرا، لە هەفتەی رابردوودا لیرە دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینی و نزمنترین ئاستی تۆمارکرد کە ١٣.٤٥ لیرە بوو بەرامبەر بە دۆلارێک لە رۆژی دووشەممەدا.

 

هاوکات، ئەو داڕمانە لەناکاوەی لیرەش گەڕێندرایەوە بۆ ئەوەی ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پشتگیری لە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی نرخی سوود کرد و بەڵێنی بردنەوەی جەنگی سەربەخۆیی ئابووریدا لە تورکیا.

هەر ئەمڕۆ، لیرەى تورکى لە نزمترین ئاستیدا بوو و لە داخستنى بازاڕدا ١٠٠ دۆلار بە ١٢٠٤ لیرەى تورکى مامەڵەى پێوە کرا.













گەلەری