سەردێڕ:

ئێن ئاڕتی لەکاڵاسەوە بەدواداچوون بۆ نقومبوونی بەلەمێک دەکات زۆرینەی سەرنشینانی کوردبوون

AM:10:36:25/11/2021

23880 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە نەخۆشخانەی کاڵاس تەرمی ٣١ کۆچبەری لێیە کە دوێنێ بەلەمەکەیان نقومبوو.


کارزان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕتی لەبەردەم نەخۆشخانەیەکی کاڵاسەوە رایگەیاند: "زۆربەیان کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن".

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەک لە کۆچبەرەکان رزگارکراون و دووان لەوان لە نەخۆشخانەکەدا لە ژێر چاودێری چڕدان.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک لە کۆچبەرە نقومبووەکان کاتێک دەرهێنراون لە ژیاندامابوون، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخییانەوە نەتوانراوە ژیانیان رزگاربکرێت و گیانیانلەدەستداوە.

لەبارەی زانیاری ورد لەسەر ناسنامەی کۆچبەرەکان، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، پەیوەندییان بە بەڕێوەبەر و بەڕێەوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەوە کردووە بەڵام هیچ زانیارییەکیان پێ نەداون، بەڵام بەپێی هەندێک زانیاری زۆربەی ئەو کۆچبەرانەی گیانیانلەدەستداوە کوردن.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لەیلا عومەر جێگری پارێزگاری سلێمانی چەند رۆژێکە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسایە کە چەند کیلۆمەترێک لە شاری کاڵاسەوە دوورە، بەڵام ئامادەنەبووە سەردانی نەخۆشخانەکە بکات و بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە بکات.

دەشڵێت، هیچ میدیا و بەرپرسێکی کوردی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە نەکردووە.

هاوکات، یەکێک لەکەسوکاری کۆچبەران بەناوی سەرکەوت لەبەردەم نەخۆشخانەی کاڵاس بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو لە ئەڵمانیاوە هاتووە بۆ سۆراغی ماڵی خاڵی.

ئاماژەی بەوەشدا، ماڵی خاڵی لە پێرێ شەوەوە بەڕێکەوتوون و هیچ زانیارییەک لە سەرچارەنوسیان دیارنییە و تەلەفۆنەکانیان داخراوە.

وتیشی، ئەندامانی خێزانەکەی ماڵی خاڵی بریتیبوون لە خاڵی و دوو کوڕی و دوو کچی، کە یەکێکیان بچوکە.

ئەمە لەکاتیکدایە، دوێنێ ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەیان کۆچبەر کە دەیانویست لە فەڕەنساوە بگەنە بەڕیتانیا لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزییەوە نوقومبوون و تا ئێستا تیمەکانی رزگارکردن سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ کەیسەکە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٢٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەی کاڵیاس و تەرمەکانیان گەیشتوونەتە ناوچەکانی بەڕیتانیا و دەشڵێت " پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستان زیاد بکات بەهۆی ئەوەی زۆرینەیان بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".

هاوکات وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیراڵد دارمانین رایگەیاند "ژمارەی ئەو تەرمانەی تا ئێستا دەرھێنراون ٣١ تەرمە كە پێنج ژن و منداڵێكیان لە ناودایە تا ئێستا ٢ كەس رزگار كراون و ژمارەی قوربانیان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە".

وەزیری ناوخۆی فەڕەسا بە گەورەترین كارەساتی خوێناوی ناوی برد، وتیشی چوار قاچاخچیمان دەستگیر كردووە و لەگەڵ بەریتانیا لە پەیوەندیدان بۆ رێگری لە كارەساتی ھاوشێوە.













گەلەری