دوای ئەوەی چەند رۆژی رابردوو بەڵگەنامەیەک لە میدیاکاندا سەبارەت بە بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە، کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنی نەوت ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەی روونکردەوە و دەڵێت، مەحاڵە نەوتی عێراق بە قاچاخ بڕوات و لێكدانەوەی هەڵە بۆ بەڵگەنامەكە كراوە.
ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٥، كۆمپانیای سۆمۆ بۆ بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، میدیاکان بەڵگەنامەیەکی فەرمی دزەپێکراوی سۆمۆیان بەشێوەیەكی نایاسایی بڵاوکردووەتەوە، ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامەیە ئاشکراکردنی ئەنجامی ئەو بەرنامە و بەدواداچوونانەیە کە کۆمپانیاکە بەکاری دەهێنێت بۆ چاودێریکردنی جوڵەی نەوت هەڵگرەکانی عێراق.
وتیشی، ئەو
نەوت هەڵگرانە بە پشت بەستن بە رێكارەكانیش لەلایەن کۆمپانیاکەوە نەوتیان هەناردەكردووە
و بەڵگەنامەکەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە کۆمپانیا کڕیارەكان پابەندن بە مەرجەکانی
گرێبەستەکانیان.
ئاماژەی
بەوەشکرد، سروشتی بەڵگەنامەکە بۆ میدیاکان نەبووە، بەڵکو لە نێوان کۆمپانیاکە و
لایەنەکانی دیکەدا بووە كە ئاستێکی بەرزی هەماهەنگی و تێگەیشتنیان لە ناوەڕۆکی
بەڵگەنامەکەدا هەبووە، هەندێک کەناڵی میدیایی بەناو شارەزا، کە زانیاری و ئەزمونی
وردیان نییە لەگەڵ ناوەڕۆکەکەی و بەپێچەوانەی لێکدانەوەی بەڵگەنامەکە، بانگەشەی
ئەوەیان كردووە کە کۆمپانیای سۆمۆ دان بە قاچاغبردنی نەوتدا دەنێت.
باسی لەوەشکرد، هەڵە
تێگەیشتنێک لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە هەیە، بەو پێیەی بەڵگەنامە فەرمییە
دزەپێکراوەکە بە پرسێكی ئاسایی دادەنرێت و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار
دەرچووە، هەرکاتێک لە بەرنامەکانی بەدواداچووندا ناوی ئەو نەوتهەڵگرانە ئاشکرا
بکرێت کە لە کۆمپانیاکەدا تۆمار نەکراون بەوەی كە رێگەی بارکردنیان پێنادرێت، لە
پێگەی جیهانییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، دواتر تەواوی لایەنە ئەمنییە
پەیوەندیدارەكان ئاگاداردەكرێنەوە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکەن و راستی و
مەبەستی ئامادەبوونیان دەستنیشان بكەن.
جەختیشی کردەوە، ئەمە پێچەوانەی
راستییەکانە، هیچ شتێك لەوبارەیە بونی نییە و مەحاڵە بە قاچاغ بردنی نەوت لەلایەن
کۆمپانیاکەوە بکرێت. وە لە سایەی هەماهەنگی و هاوکاری بەردەوامی نێوان کۆمپانیاکە و
دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، هەموو زانیارییەک لەم پرسەوە هاوبەشکراوە.