سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەر خۆپیشاندانەکانی ھەرێم ھاتە دەنگ

AM:08:16:25/11/2021

29568 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رووداوە دڵتەزێنەکانی ھەرێمی کوردستان بە گشتی و شاری سلێمانی ئازیز بە تایبەتی پێویستی بە ھەڵوێستێکی بەرپرسانە ھەیە.


ئەمرۆ پێنجشەممە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بارەی خۆپیشاندەرانی خوێندکاران و بەکارھێنانی توندوتیژی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دژی خوێندکاران و شکانی حەرەمی زانکۆ، لە تویتەری خۆی بە زمانی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند، "رووداوە دڵتەزێنەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی شاری سلێمانی ئازیز پێویستی بە ھەڵوێستەکردنێکی بەرپرسانە ھەیە لەلایەن ھەموو لایەکەوە".
دەشڵێت، "پێویستە لە پێناو پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەرگرتن لە داڕمانی دۆخەکە پێویستە بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێت".
ئاماژەی بەوەشدا، "خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکە دەستور دەستەبەری کردووە".
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەستدرێژی کردنە سەر خۆپیشاندەران، ھاوشێوەی دەستدرێژی کردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی دوو کردەی نەخوازراو و رەتکراوەن لە دەستوردا".
ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی چوار رۆژە خۆپیشاندانی نارەزایەتی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانی دەرماڵە و دژی نەبوونی خزمەتگوزاری بەردەوامی ھەیە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران داری کارەبایی و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارھێنا و بەو ھۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.
دوێنێش، ھێزە ئەمنییەکان نەک تەنھا داری کارەبایی گازی فرمێسکرێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دھۆکیش بە زەبری ھێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.
وەک ھەوڵێکیش بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان لە ھەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، ھەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.
دوێنێش، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی ھێمنانە بوو، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان دژ بە خوێندکاران بەکارھێنا و بەھۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو.












گەلەری