سەردێڕ:

گەشتێکى تر بۆ گەڕاندنەوەى کۆچبەرەکانى بیلاروسیا ئەنجام دەدرێت

PM:11:44:24/11/2021

6228 جار خوێندراوەتەوە

هێڵی ئاسمانی عێراق رایگەیاند "سبەینێ گەشتێک بە مەبەستی گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی بیلاڕوسیا بۆ عێراق، ئەنجام دەدرێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژێک بەناوی هێڵی ئاسمانی عێراق ئاشکرای کرد "کۆمپانیاکە سبەی پێنجشەممە گەشتێک ئەنجام دەدات بەمەبەستی گەڕاندنەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان لە فڕۆکەخانەی مینسکی بیلاڕوسیاوە".

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ناتوانن ژمارەی ئەو کۆچبەرانە دیارى بکەن کە دەگەڕێنرێنەوە ".

وتیشی "ئەگەر هیچ گرفتێکی تەکنیکی دروست نەبێت ئەوا سبەی کاتژمێر دوو و سی خولەک فڕۆکەکە بەڕێ دەکەوێت بەرەو بیلاڕوسیا".

ئەمەش لە کاتێکدایە بەگوێرەی هەواڵەکان، تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس دەیانەوێت بگەڕێنەوە بەرەو عێراق و بیلاڕوسیا بەجێ بهێڵن.

پێشتریش باڵیۆزی عێراق لە روسیا رایگەیاند، گەشتێکی خۆڕایی ئەنجام دەدەن بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی کە بەویستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

هەر ئەمڕۆ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا، ئاماژەى بەوە کرد "فەرمانگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ سەفارەتی عێراقی لە مۆسکۆ بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق".

ئەمەش دەبێتە دووەم گەشتی گەڕانەوەی کۆچبەران لە بیلاروسیاوە بەرەو عێراق و گەشتی یەکەم لە ١٨ی ئەم مانگەدا ئەنجامدرا و تێیدا ٤٣٠ کۆچبەری عێراقی گەڕێندرانەوە بۆ عێراق.













گەلەری