سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق باس لە گۆڕینى نرخى دۆلار دەکات

PM:10:07:24/11/2021

57064 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایکرد، بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی لەم کاتەدا کارێکی گونجاو نابێت و هەر کاتێک نرخی نەوت دابەزێت ئەوا زیانی زۆر بە ئابوری عێراق دەگات و دەکرێت توشی قەیرانی دارایی بکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بە هۆکارەکانى بەرزکردنەوەى بەهاى دۆلار بەرامبەر بە دینارى عێراق کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا عەلاوى وتى "لە هەفتەی رابردوودا چەندین سیاسی لەبارەی بەرزکردنەوەی بەهای دینارى عێراقەوە قسەیان کردووە و چەندین جار وەزارەتی دارایی ئەمەی روونکردووەتەوە کە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار کە بەو جۆرە جێگیر کراوە بەمەبەستی پاراستنی عێراق بووە لە قەیرانی دارایی".

عەلی عەلاوی ئاماژەی بەوەش کردووە، هیواخوازین ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن بیخەنە روو بۆ حکومەتی داهاتوو تا بتوانن سیاسەتێکی دروست لەو بارەیەوە پەیڕەو بکەن".

ئاماژەی بەوەش کردووە گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە کانونی یەکەمی ٢٠٢٠دا بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە بوو لە ساڵی رابردوودا.

وەزیری دارایی عێراق وتیشی، ئەگەر بمانەوێت بەهای دیناری عێراقی بەرزبکەینەوە دووبارە پێویستە دوو شت لەبەرچاو بگرین، یەکەم هێشتا وڵاتەکە لەرووی ئابوورییەوە لاوازە، دووەم لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دەکرێت نرخی نەوت دووبارە دابەزێتەوە بۆ نرخەکەی جارانی و ئەوەش راستەوخۆ وڵاتەکە روبەروی قەیرانی دارایی دەکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و هەر ١٠٠ دۆلارێك بە ١٤٥ هەزار دینار جێگیر کرا.













گەلەری