سەردێڕ:

بەلەمێکی کۆچبەران ژێر ئاو کەوت

PM:09:13:24/11/2021

18668 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لە ٢٧ کۆچبەر نوقومبوون لە کەنداوی ئینگلیزدا کە دەیانویست لە فەڕەنساوە بگەن بە بەڕیتانیا.


ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەیان کۆچبەر کە دەیانویست لە فەڕەنساوە بگەنە بەڕیتانیا لە رێگەی کەنداوی ئینگلیزییەوە نوقومبوون و تا ئێستا تیمەکانی رزگارکردن سەرقاڵی بەدواداچوونن بۆ کەیسەکە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی ٢٧ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەی کاڵیاس و تەرمەکانیان گەیشتوونەتە ناوچەکانی بەڕیتانیا و دەشڵێت " پێدەچێت ژمارەی گیانلەدەستان زیاد بکات بەهۆی ئەوەی زۆرینەیان بارودۆخی تەندروستییان ناجێگیرە".

بەگوێرەی وتەی یەکێک لە ماسیگرانی ناوچەکە، ژمارەیەکی زۆر لەکۆچبەر سنورە ئاوییەکانی فەڕەنسایان بەجێهێشتووە بەرەو بەڕیتانیا بەهۆی ئەوەی کەشوهەوا ئارام بووە و ماسیگرێکی دیکەش باسی لەوەکردووە کاتێک بەلەمێکی بینیوە کە هیچ کەسیکی لەسەر نەبووە و چەندین کەسیش هەوڵیان داوە لە خنکان رزگاریان ببێت لە نزیک ناوچەکە.

ناتاشا بۆوچارت بەرپرسی شارەوانی ناوچەی کاڵیاس ئاماژەی بەوەکردووە کە توانیویانە ٢٠ کۆچبەر بە زیندوویی رزگار بکەن بەڵام تەنها دوو کەسیان هۆشیان هەبووە.

بەرپرسەکەی ناوچەی کاڵیاس وتیشی "دوو هەلیکۆپتەر چەندین تیمی دەریایی لە ناوچەکەدا بەدواداچوون دەکەن بۆ رزگارکردنی هەر کەسێکی دیکە.

ماسیگرێکی دیکەش ئاماژەی بەوە کردووە کە سێ بەلەمی جیاوازی کۆچبەرانی دیوە لەناو دەریاکەدا کە بەرەو بەڕیتانیا بەڕێکەوتبوون.

هاوکات وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جیراڵد دارمانین رایگەیاند "ژمارەی ئەو تەرمانەی تا ئێستا دەرھێنراون ٣١ تەرمە كە پێنج ژن و منداڵێكیان لە ناودایە تا ئێستا ٢ كەس رزگار كراون و ژمارەی قوربانیان تا دێت بەرزتر دەبێتەوە".

وەزیری ناوخۆی فەڕەسا بە گەورەترین كارەساتی خوێناوی ناوی برد، وتیشی چوار قاچاخچیمان دەستگیر كردووە و لەگەڵ بەریتانیا لە پەیوەندیدان بۆ رێگری لە كارەساتی ھاوشێوە.














گەلەری