زانکۆکانی گەرمیان و چەرموو لە چەمچەماڵ لە دوو راگەیەندراوى جیادا دەوامى سبەینێی زانکۆکانیان کردە پشوو بۆ خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکە.
لە راگەیەندراوەکەى زانکۆى گەرمیاندا ئاماژە بەوە کراوە "بەمەبەستی پاراستنی گیانی خوێندکاران و ستافی زانکۆمان و بەدوورگرتنیان لە هەر گرژی و پێکدادانێک ، ئەنجومەنی زانکۆی گەرمیان بڕیاریدا : دەوامی سبەینێ رابگرێت.
بەگوێرەى
راگەیەندراوەکە "سبەینێ پێنجشەممە لە زانکۆی گەرمیان دەوام نابێت" .
هاوکات ئەنجومەنی زانکۆی چەرموو راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا
ئاماژە بەوە کراوە "لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنى زانکۆدا بۆ سەلامەتى و
پارێزگاریکردنی کچ و کوڕەکانمان بڕیاردرا بەڕاگرتنی دەوام لە زانکۆدا تاكو ڕۆژی یهكشهممهى
داهاتوو".
ماوەى چوار رۆژە خۆپیشاندانى نارەزایەتى خوێندکارانى
زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە و دژى نەبوونى خزمەتگوزارى بەردەوامى هەیە
و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان
بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.
دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها دارى کارەبایى
گازی فرمێسکرێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە
زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.
وەک هەوڵێکیش بۆ دامرکاندنەوەى خۆپیشاندانەکان
لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی
خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.
ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی
هێمنانە بوو بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان دژ بە خوێندکاران بەکارهێنا
و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو.