سەردێڕ:

وەزارەتى رۆشنبیرى لەبارەى سوتاندنى کتێبخانەیەک روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە

PM:07:02:24/11/2021

4176 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان روونکردنەوەیەکى لەبارەى سوتاندنى کتێبخانەى گشتى پیرەمەگرون لە ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە، بڵاوکردەوە.


لە روونکردنەوەکەى وەزارەتى رۆشنبیرى ئاماژە بەوە کراوە "رۆژی چوارشەممە ٢٤ى تشرینى دووەمى ٢٠٢١ لە ئەنجامی ناڕەزایەتی قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ لەسنووری پارێزگای سلێمانی، بەداخەوە دەستێکی گێرەشێوێن لە ناحیەی پیرەمەگرون هەڵیانکوتاوەتە سەر چەند فەرمانگەیەک، لەناویاندا کتێبخانەی گشتی پیرەمەگرون، ئاگریان تێبەرداوە".

لە بەشێکى ترى روونکردنەوەکەى وەزارەتى رۆشنبیریدا هاتووە "ئێمە لەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوان پشتیوانی هەموو داوایەکی مەدەنییانەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمانین، بەڵام بەتوندی سەرکۆنەی هەموو کارێکی تێکدەرانە دەکەین، بەتایبەتی سوکایەتی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان و ڕەمزو سیمبولە نەتەوەییەکانمان و پەلاماری کتێبخانە، کارێکی دوور لەڕەوشتی شارستانییە".

جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە "ناکرێت بۆ بەدەستهێنانی خواست و داواکاری توێژێک، فەرمانگە و دامەزراو و ئاڵا بکەونە بەر هێرش و سوتاندن و وێرانکاریی".

روونکردنەوەکە لە کاتێکدایە کە ماوەى چوار رۆژە خۆپیشاندانى نارەزایەتى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ پێدانى دەرماڵە و دژى نەبوونى خزمەتگوزارى بەردەوامى هەیە و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەران دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.

دوێنێش، هێزە ئەمنییەکان نەک تەنها دارى کارەبایى گازی فرمێسکرێژ، بەڵکو تەقەیان بەسەر خوێندکارانیشدا کرد لە سلێمانی و لە دهۆکیش بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا.

وەک هەوڵێکیش بۆ دامرکاندنەوەى خۆپیشاندانەکان لە هەریەکە لە زانکۆکانی، سلێمانی، پۆلیتەکنیکی سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین دەوامی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ راگیرا و بەشە ناوخۆییەکان داخران.

ئەمڕۆش سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانی زانکۆی سلێمانی هێمنانە بوو بەڵام هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک رێژیان دژ بە خوێندکاران بەکارهێنا و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی بەشێکی خوێندکاران تێکچوو.













گەلەری