حکومەتی مەهاراشترا لە خۆرئاوای هیندستان رایگەیاند، بەهۆی لافاو و داڕمانی زەوییەوە ٧٦ کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی ٥٩ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
ئەمڕۆ شەممە، ساغار باتاک بەرپرسی ئیدارەی کارەساتەکان
لە ناوچەی ریگارد لە باشوری مۆمبای بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی رایگەیاند، لە ئەنجامی
داڕمانی سێ ناوچەوە ٤٣ کەس گیانیانلەدەستداوە و تیمەکانی فریاکەوتن سەرگاڵی گەڕان
و رزگارکردنی ئەوانی دیکەن.
لەلایەن خۆشییەوە، ئەنیرۆدا ئەشتابوتری وتەبێژی
حکومەتی مەهاراشترا رایگەیاندووە، بەهۆی دارمانی زەوییەوە لە ناوچەی ساتارا دوو کەس
گیانیانلەدەستداوە و ١٥ کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
هەریەک لە هێزی دەریای و ئاسمانی بەشدارییان
کردووە لە گەڕان و رزگاکردنی هاوڵاتییان کە بەهۆی لافاوەکەوە گیریان خواردبوو، بەڵام
بەهۆی داڕمانی زەوییەوە پرۆسەی بەهاناچوونەکەوە گرفتی بۆ دروستبووە.
هێزی دەریایی هیندستان حەوت تیمی رزگارکردنی بەلەم
و چوپی رزگارکردنیان بەکارهێناوە بۆ رزگارکردنی گیرخواردووان و هەلیکۆپتەریان بۆ
گواستنەوەی دانیشتوانی ناوچەکە بەکارهێناوە.
لە ناوچەکانی شاری چیبلون کە ٢٥٠ کیلۆمەتر لە مۆمبایەوە
دوورە بە بەرزی سێ مەتر و نیو ئاستی ئاو بەهۆی لافاوەوە بەرزبووەتەوە و ئەمەش بووەتە
هۆی دروستبوونی لافاو لە رووبارەکانی فاشیشتی و گرەک.
لەلایەن خۆیەوە، سوپای هیندستان راگەیەنراوێکی
بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، بەهۆی داڕمانی زەوییەوە لە شارۆچکەی خید ١٠ کەس گیانیان
لەدەستداوە و نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ کەسی دیکە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەساڵی ٢٠١٣ بەهۆی لافاو و
دارمانی زەوی چەند ناوچەیەکەوە نزیکەی شەش هەزار کەس لە ویلایەتی ئۆتاراخاند گیانیانلەدەستدا.