سەردێڕ:

فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەکان وادەی کشانەوەی تەواوەتی ھێزە بیانییەکانی ئاشکرا کرد

PM:02:35:24/11/2021

8184 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی پانزەرۆژی داھاتوودا سەرجەم ھێزە سەربازییە بیانییەکان لە عێراق دەکشێنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، تەحسین خەفاجی وتەبێژ بەناوی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانەوە بە ئاژانسی فەرمی ھەواڵی عێراقی راگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی ھێزە سەربازییە بیانییەکان بە گوێرەی ئەو پلانەی بۆی دانراوە بەردەوامە و بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ھیچ بنکەیەکی سەربازی ھێزە بیانییەکان لەناوخاکی عێراقدا نەماوە جگە لە بنکەی عەین ئەسەد نەبێت ئەویش تەنھا مانەوەیەکی زۆر سادەیە.
وتەبێژ بەناوی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانەوە، ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی ھێزە سەربازییەکان کشاونەتەوە جگە لە راوێژکارە سەربازییەکانیان نەبێت ھیچ ھێزێکی شەڕکەرییان لە ناوخاکی عێراقدا نەماوەتەوە.
لەبارەی وادەی کشانەوەی تەواوەتی ئەو ھێزانەشەوە، تەحسین خەفاجی ئاشکرای کرد، پێش وادەی دیاری کراوی خۆی و لە ماوەی ١٥ رۆژی داھاتوودا سەرجەم ھێزە سەربازییە بیانییەکان دەکشێنەوە جگە لە راوێژکار و راھێنەرە سەربازییەکان، کە ئەرکیان بریتیە لە راوێژکاری و پێدانی زانیاری و پشتیوانی کردنی ھێزەکانی عێراق.
وتیشی، بەگوێرەی پلان و خشتەیەک لەوادەیەکی دیاریکراودا سەرجەم چەکەکان رادەستی ھێزە شەڕکەرەکان دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە گەڕی چواری گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا ھەردوولا رێکەوتن لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕکەرکانی ئەمریکا لە عێراق. پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا  و ئیدارەکەی و دواتریش جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و ئیدارەکەی رایانگەیاند ھێزە شەڕکەرەکانی وڵاتەکەیان لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێننەوە و کۆتایی بە جەنگە ناکۆتاکان دەھێنن.

کـ ، ئـ 












گەلەری