سەردێڕ:

دوایین زانیاری لەسەر ناردنی مووچە

PM:11:25:06/07/2025

81924 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان، حکومەتی عێراق و هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسێکی هاوبەشن تاوەکوو رۆژی سێشەممە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بخرێتە بەردەم سودانی، چاوگێکیش لە حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەگەر هەرێم نەوت رادەستبکات، لە پاڵ ناردنی مووچە نەوتی سپی و بەنزینیش بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم دابین دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی تەمموزی ٢٠٢٥، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا وتی، لە ئێستادا هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی کۆتایین تایبەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سێشەممەی حکومەتی عێراق پەسەند بکرێت.

ئەوەشی خستە روو، بەرپرسانی حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە حکومەتی ماوەبەسەرچوو پابەندبێت بە یاسای بودجە و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق جێبەجێ بکات.

باسی لەوەشکردووە، حکومەتی عێراق ئاسانکاری کردووە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم.

هەرچی سەبارەت بە مووچەشە، بەرپرسانی حکومەتی عێراق وتویانە، ئەگەر هەرێم پابەندبێت بە رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ دەستبەجێ مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران دەنێرن و دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەش مووچەی مانگەکانی تر بە تەواوەتی دەنێرن.

باسی لەوەشکرد، بڕیارە سبەی لە بەغدا ئەنجومەنی ئابووری عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت و بەشێک لە کۆمپانیا نەوتییەکان زنجیرەیەک کۆبوونەوە ئەنجام بدات و کۆتا رەشنوسی خۆیان بۆ سێشەممە ئامادە بکەن.

پێشتریش بەرپرسانی حکومەتی عێراق وتبوویان کە پێویستە مانگانە بەرپرسانی هەرێم، نیوەی داهاتی ناوخۆ و رۆژانە ٢٨٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکەن، لەپاڵ ناردنی مووچە بەغدا نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دابین دەکات.













گەلەری