حكومەتی عێراق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رێككەوتنیان كردووە كە مانگانە دووجار خێزانە عێراقییەكان لە كەمپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، ئەمەش لەسەر خواستی خێزانەكان دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ـی تەمموزی ٢٠٢٥، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، حكومەتی عێراق و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رێككەوتنیان كردووە كە مانگانە دووجار خێزانە عێراقییەكان لە كەمپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق و ئامانج لێی خێراكردنی پڕۆسەی چۆڵكردنی كەمپی هۆلەیە لە عێراقیەكان.
هەروەها،
پڕۆسەی گواستنەوەی خێزانەكان مانگانە دووجارە بەپێی ئەو ناوانەی ئامادەكراون،
مانگی رابردووش ئیدارەی كەمپەكە ناوی هەندێك خێزانی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لە
كەمپی هۆلەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی لایەنی عێراقییە.
هاوکات،
رێكخستنی گەشتی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە و ژمارەكەیان پەیوەستە بە حكومەتی عێراق،
لەگەڵ ئەو رێوشوێنە لۆجیستیانەی لە كەمپی جەدعە دەگیرێنەبەر، چونكە بەمدواییە
گەڕانەوەی عێراقیەكان لە كەمپی هۆلەوە بۆ كەمپی جەدعە زیادیكردووە، بۆیە پێشبینی
دەكرێت گەشتێكی نوێی گەڕانەوەی خێزانە عێراقیەكان لەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێت.
لە
مانگی نیسانی ئەمساڵ، ٢٤١ خێزانی عێراقی كەمپی هۆلیان جێهێشت كە پێكهاتبوون لە ٨٦٥
كەس، بەوتەی عەلی عەباس، وتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، تائێستا نزیكەی ١٦
هەزار عێراقی بە ٢٨ قافڵە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان و هێشتا نزیكەی ١٥ هەزار عێراقی
لە كەمپی هۆل لە سوریا ماون.
لە ٢٢ـی
حوزەیرانی رابردوو، زۆرترین عێراقی كەمپی هۆلیان جێهێشتووە، كە ژمارەیان ٩٣٥ كەس
بوو و لە ٢٣٦ خێزان پێكهاتبوون.