سەردێڕ:

گەنمی ماوەی جوتیارانی هەرێم وەردەگیرێت

AM:11:44:06/07/2025

976 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت، حکومەتی ماوەبەسەرچوو رەزامەندیداوە کە لەلایەن دوو کۆمپانیاوە گەنمی ماوەی جوتیارانی ناوخۆی هەرێم بە چەند مەرجێک وەربگیرێت، بۆ هەر تۆنێک گەنمی پلە یەک ٥٥٠ هەزار دینار و بۆ گەنمی پلە دوو بڕی ٥٢٥ هەزار دینار وەردەگیرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، حکومەتی ماوەبەسەرچوو رەزامەندیداوە لەسەر کۆنوسی پێشنیارکراوی لێژنەی باڵای تایبەت بە ساغکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەرێم، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە وەرگرتنی گەنمی ماوەی جوتیارانی هەرێم، بەمەرجێک بەپێی تایبەتمەندی عێراقی بێت.

وتیشی، بۆ هەر تۆنێکی گەنمی پلە یەک نرخەکەی ٥٥٠ هەزار دینار، وە بۆ گەنمی پلە دوو بۆ هەر تۆنێک بڕی ٥٢٥ هەزار دینار دیاریکراوە.

دەشڵێت، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمەکە لە ماوەی یەک مانگ دەبێت لە رێکەوتی ١٥ی تەمموزی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات، وە شایستە داراییەکانی جوتیاران لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت لە رێکەوتی وەرگرتنی گەنمەکە.

باسی لەوەشکرد، پێویسته جوتیار پشتگیری بنکەی کشتوکاڵی و بڕی گەنمی وەرگیراو لە سایلۆکانی پێبێت و بڕی گەنمی وەرنەگیراویش تۆمارکرابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم پرۆسەیە لەلایەن پڕۆژەی نیشتیمانی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە لایەن هەردوو کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە سایلۆکانی خۆشناو و قەیوان جێبەجێدەکرێت.

شایەنی باسە، پارتی و یەکێتی بە هاوردەکردنی گەنمی دەرەوە زەرەر و زیان لە جوتیارانی هەرێم دەدەن و پاشان گەنمە ماوەکەی جوتیاران لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆیانەوە وەردەگرن، تاوەکو دواتر وەزارەتى کشتوکاڵ بە نرخێکى زیاتر لەوانى بکڕێتەوە.

 

 













گەلەری