رۆژنامەیەکی ئەمریکی دەڵێت، ئیسرائیل چەند مانگێکە بە قاچاخ و بەشێوەى پارچە پارچە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوى گەیاندوەتە ناو ئێران لە رێگەی جانتا و بارهەڵگر و کۆنتێنەرو کەشتیەوە و بەشێکى ئەو کەلوپەلانە وەک کاڵاى بازرگانى مامەڵەی پێوەکراوە و ئەوانەى بارەکانیان گواستووەتەوە ئاگاداری ئەوەنەبوون ئەو بارانە پارچەى درۆنن و دەبرێنە ناو ئەو وڵاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا چەند وردەکارییەکى ئاشکرا کردووە کە چۆن ئیسرائیل و دەزگاى مۆساد فرۆکە و بۆم و هەواڵگرەکانیان گەیاندووەتە ناو ئێرانەوە و دواتر لە هەینى رابردوو هێرشەکانیان پێ ئەنجامداوە.
رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئۆپەراسیۆنی
مۆساد دەڵێت، ئیسرائیل بە بەکارهێنانی چەندین رێگەی جیاواز فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بە قاچاخەوە بردووەتە ناو ئێرانەوە.
چەند
سەرچاوەیەکیش بە ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکیان وتووە، ئیسرائیل
چەند مانگێکە بە قاچاخ و بەشێوەى پارچە پارچە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوى
گەیاندوەتە ناو ئێران لە رێگەی جانتا و بارهەڵگر و کۆنتێنەرو کەشتیەوە و دواتر بریکارەکانی
مۆساد لە ناوخۆی ئێران ئەو ئامێرانەیان کۆکردووەتەوە و بەسەر ئەو تیمانەدا
دابەشیان کردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بۆ بەکارهێنان ئامادەکردبوو.
هەر
بەپێى ناوەڕۆکى راپۆتى رۆژنامەکە سەرکردەی تیمەکان لە دەرەوەی ئێران مەشق و راهێنانیان
پێکراوە و گەیەندراونەتە ئێران بۆ ئەوەی لێهاتوویی و شارەزاییەکانى بگوازنەوە بۆ
تیمەکانی سەر زەوی کە کارەکان ئەنجامدەدەن.
سەرچاوەکان
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کاتێک هێرشە ئاسمانییەکان دەستیپێکردووە، تیمەکان ئەو
چەکانەیان بەکارهێناوە بۆ دەرهێنانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەمان کاتدا لە
کاتی دەرچوونیان لە پەناگەکاندا بەر موشەک هەڵگرەکانی سەرزەوی بۆ سەرزەوییان داوە
و لە تۆڵەسەندنەوەیەکدا لە ئیسرائیل تەقەیان لێدەکرا.
کاتێک
ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هەڵمەتی هێرشى شۆکهێنەرى لە ئێران دەستپێکرد،
هەروەها فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کوادکۆپتەری هەڵگری تەقەمەنی و موشەک و کەرەستەی
ئاڵۆزی جەنگى دیکەی بەکارهێنا کە لە ناوخۆی ئێراندا دانرابوون پێشتر، کەتوانیان
هێرشی ورد بکەنە سەر زانایانی ئەتۆمی ئێران، سەرکردە سەربازییەکان، تانکى دژە
فڕۆکە و موشەکی زەوى بە زەوى.
پێشتر
باس لەوە کرابوو کە ئیسرائیل هەشت مانگ زیاترە دەستى بە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی
دژی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران کردووە، لەوانە دروستکردنی بنکەیەکی
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوخۆی ئێران و قاچاخکردنی سیستەمی چەکی ورد و کۆماندۆ بۆ
ناو وڵاتەکە.