سەردێڕ:

چۆن ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی ئێرانی پەکخست

PM:10:00:14/06/2025

3656 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی شەوی رابردوو، دەنگی یەکەم تەقەی موشەکی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بیسترا و ئێرانیش هێرشی پێچەوانەی دەستپێکرد، رۆژنامەیەکی ئەمریکی وردەکارییەکانی هێرشی پێچەوانەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بڵاوکردەوە و بە پەکخستوو ناوی هێنا.


ڕۆژنامەی ئەکسیۆس وردەکاری هێرشەکانی بڵاویکردەوە و لەبارەی پەکخستنی هێرشە پێچەوانەکانی ئێران وتی، ئەمریکا و ئیسرائیل پێشوەختە خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوەیەکی توند و خێرای ئێران ئامادە کردبوو، سیخوڕ و فڕۆکەوانە ئیسرائیلییەکان ئۆپەراسیۆنێکی ورد و پلان بۆ داڕێژراویان ئەنجامدا، ئەمەش وای لە ئێرانییەکان توشی شڵەژان بن، هەربۆیە لە بەرامبەردا راستەوخۆ هێرشی پێچەوانە رووینەدا.

لەگەڵ ئەوەی روون بووەوە کە ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر سوپای پاسداران، فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە ژێرزەمینێکدا کۆبوونەوە بۆ ئامادەکردنی هێرشی پێچەوانە، بەڵام ئیسرائیل پێشوەختە ئاگاداری ئەم کۆبوونەوەیە بوو، وە شوێنی کۆبوونەوەکەشی دەزانی و زووتر هێرشی کردە سەریان و فەرماندەی گشتی و سەرۆکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی بەرگری ئاسمانی کوژران.

بەرپرسێکی ئیسرائیل وتی، کەس نەمابوو تا فەرمانی هێرشی پێچەوانە بدات، وەڵامدانەوەی دەستبەجێی ئێرانی پوچەڵکرایەوە.

رۆژنامەکە وتیشی، کوژراوەکان چەندین فەرماندە و بەرپرسی ئەمنی ئێران بوون، کە کرابوونە ئامانج، بەرپرسانی سوپای پاسداران و سوپای ئێران و بارەگای سەربازیی فریاگوزاری ئێران هەموویان لە هێرشەکەدا لەناوچوون.

هاوکات، ئامانجێکی دیکەی سەرەکی ئیسرائیل سیستەمی بەرگری ئاسمانی و رادارەکانی ئێران بوو، هەواڵگری ئیسرائیل نەخشەی شوێنەکانیان دەستنیشانکردبوو زۆربەیان لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکە لە لایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لێیاندرا، ئەوەش ئاسانکاری کرد بۆ هێزی ئاسامانی ئیسرائیل کە بە ئازادی هێرشەکانی دیکە ئەنجام بدات.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیل زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی شاراوەی لە قوڵایی ئێران ئەنجامدا بۆ تێکشکانی بەرگری ئاسمانی ئێران و موشەک هاوێژەکانی، هەزاران بریکار و سیخوڕ شاراوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەشداربوون، لەگەڵ دەستەیەکی تایبەت لە ئێرانییەکان کە کاریان بۆ مۆساد دەکرد.

مۆساد لە ناوخۆی ئێراندا موشەک هاوێژی زەمینی ئامادەکردبوو بۆ هاوێشتن، هەروەها بە نهێنی چەندین بۆمب و تەکنۆلۆجیای جەنگییان لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا شاردبووەوە و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل، ئەو بۆمبانە تەقێندران.

ئەمە جگە لە بەکارهێنانی سیستەمی دژە موشەکی بە مەبەستی بەرگری ئاسمانی خۆی، هێرشی درۆنیشی دەستپێکردبوو و لە هەر هێرشێکی ئێراندا، موشەک هاوێژەکانی لەناو خودی ئێران لە ناوبردووە.













گەلەری