بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند:"ئێران چوار ڕۆژە ئاوی بەرداوەتەوە، بەڵام لە دوێنێوە بڕەکەی کەمیکردووە".
رەحمان خانی بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان بەئێن ئاڕتی راگەیاند:"چوار ڕۆژە ئێران ئاوی بەرداوەتەوە، دوو ڕۆژی سەرەتا ١٠ مەتر سێجا ئاوی بەرداوەتەوە ، بەڵام لە دوێنێوە بڕەکەی کەمیکردووە".
بەڕێوبەری بەنداوەکە دەربارەی شێوازی بەردانەوەی ئاوەکە، وتی:" ئەم بەردانەوەیە پەیوەندی بە ڕێکەوتنەوە نییە، پێدەچێت پەیوەندی بە بەرھەمھێنانی کارەباوە ھەبێت یان لەوانەشە بەھۆی ئەو لافاوەی ھەندێک ناوچەی ئێرانی گرتەوە بەم دواییانە، لە ھەموو باودۆخێکدا پەیوەندی بەحساباتی خۆیانەوە ھەیە".
ئەوەشیخستەڕوو:" ئەو بەردانەوەیە ئاوی بەنداوەکە زیاد دەکات و مەترسی لەسەر پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە کەم دەکاتەوە".
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا مەترسی لەسەر ئاوی خواردنەوەی چەند ناوچەیەکی ھەرێم درووست بووەو بەوتەی ئەو بەرپرسە بەردەوامی بەردانەوەی ئاوەکە ئەو مەترسیە ناھێڵێت.
بەنداوی دەربەندیخان ساڵی ١٩٦٥ لەسەر زێی سیروان دروست کراوە، بەرزییەکەی ١٢٨مەترە، پانیەکەی ٥٠٠مەترە، توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی ھەیە.
پێشتر وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ڕایگەیاند، سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بڕاون و سەرچاوەکانی ئاوی بەنداوی دوکانیش ٧٠% کەمیانکردووە.