سەردێڕ:

وەزارەتی گواستنەوە عێراق: سبەی یەکەم کاروانی حاجییان دەگەڕێنەوە

PM:09:54:09/06/2025

996 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، لە سبەینێوە پرۆسەی گەڕانەوەی حاجییانی عێراق دەستپێدەکات و تاکو رۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە، تەواوی حاجییانی عێراق دەگەڕێندرێنەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، وەزارەتی گواستنەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، رەزامەندی دەسەڵاتدارانی سعودیە بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی عێراق وەرگیراوە و رۆژی سێشەممە یەکەم کاروانی حاجییانی عێراق لە فڕۆکەخانەی تائیفەوە بەرەو فڕۆکەخانەی بەغدا دەگەڕێنەوە.

هەر بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە گواستنەوەی حاجییان دەکرێت لە فڕۆکەخانەکانی تائیف، جددە و مەدینەوە بۆ عێراق و رۆژانە دوو گەشتیی ئاسمانیی ئەنجامدەدرێت، دواتر ژمارەی گەشتەکان بۆ شەش گەشت زیاد دەکات.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی ٢٤ـی ئەم مانگە، دوایین کاروانی حاجییان لە وڵاتی سعودیەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حاجییانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی پێشکەوتووی جۆرەکانی بۆینگ ٧٧٧، درێم لایەنەرەوە دەگەڕێندرێنەوە.

باس لەوەشکراوە، کۆمپانیای گشتیی گواستنەوەی گەشتیاران ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو حاجییانەی بە رێگای وشکانی چوونەتە سعودیە، کۆتایی پێهێناوە.














گەلەری