سەردێڕ:

قائیمقامیەتی سلێمانی: لە جەژندا تارادەیەکی زۆر رێگریمان لەسەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵانەکاندا کردووە

PM:09:18:09/06/2025

776 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامی سلێمانی دەڵێت، لە رۆژانی جەژندا تارادەیەکی زۆر رێگرییان لەسەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵان و شەقامەکان کردووە، دەشڵێت، ئەو کەسانەی کڕین و فرۆشتنیان بە ئاژەڵەوە کردووە لە شوێنی نەشیاو و نەگونجاودا دەستگیرکراون بەڵام سەرجەمیان ئازاد دەکرێن.


ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئاوات محەمەد، پارێزگاری سلێمانی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئامانج لە دانانی پلان بۆ رۆژانی جەژن و جێبەجێکردنی لەلایەن ئاسایش و هێزەئەمنییەکانی دیکە و تەندروستی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان پاراستنی ئەمنییەت و تەندروستی هاوڵاتییانە، بەسوپاسەوە بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ توانیوویانە بەسەرکەوتوویی پلانەکە جێبەجێ بکەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە چوار رۆژەی جەژنی قورباندا لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوام بوون لە ئەرکەکانیان و سەردانی تەواوی ئەوشوێنانەیان کردووە کە میوانان و گەشتیارانی شاری سلێمانی روویان لێکردووە.

باسی لەوەشكرد، بەهاوبەشی تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە تارادەیەکی زۆر رێگرییان لەسەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵان و شەقامەکان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەک لە ئەو سەرپێچیکارانەی کە کڕین و فرۆشتنیان بەئاژەڵەوە لەشوێنی نەشیاو و نەگونجاوەدا کردووە دەستگیرکراون، کەمەبەست لەدەستگیرکردنەکەیان نەفرۆشتنی ئاژەڵی ناساغ بووە بەئەو کەسانەی قوربانی دەکەن و سەرجەمیان ئازاد دەکرێن.













گەلەری