سەردێڕ:

دوای سەدر، حزبوڵاش هێزێکی خۆى هەڵوەشاندەوە

AM:11:18:20/11/2021

3532 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حزبوڵڵا لە عێراق رایگەیاند، فەرماندەکانیان بڕیاریانداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی و راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی ھێزەکە و داخستنی بارەگاکانی.


عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی کەتائیبی حزبوڵڵا، لە تویتێکیدا رایگەیاند، "فەرماندەکانی کەتائیبی حزبوڵڵا بڕیاریانداوە بە ھەڵوەشاندنەوەی ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنیی و ھەروەھا راگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی ھێزەکە و داخستنی بارەگاکانی".

ئاماژەی بەوەشدا، چەکدارانی سەرایا بەرگریی مەدەنیی لەگەڵ چەک و تەقەمەنییەکانیان رادەستی دەستەی حەشدی شەعبی کراون و دەشڵێت، "ئەم بڕیارە لە وەڵامی یەکێک لە سەرکردەى لایەنە دۆستەکان دراوە کە داوای کردووە، گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ھەڵبوەشێندرێنەوە".

دوێنێ ھەینی رێبەرى رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەڵوەشاندنەوەی لیوای یەومولمەوعود سەر بە رەوتی سەدر و داخستنی بارەگاکانی راگەیاند و ئەویش وەک نیشاندانی نیازپاکی لە ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.

پێشتریش موقتەدا سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە لایەنە سیاسیەکانی ناڕازیی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، ئەگەر بڕیاریاندا بەشداری لە حکومەتی داھاتوو بکەن، ئەوە دەبێت گرووپە چەکدارەکانیان ھەڵبوەشێننەوە و چەک و تەقەمەنییەکانیان لە رێگای فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، رادەستی حەشدی شەعبی بکەن.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.

ھاوپەیمانی فەتح کە باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارە شیعەکانە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، بە بەدەستھێنانی ١٦ کورسی دۆڕاوی سەرەکی ھەڵبژاردنەکانە، لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، بە بەدەستھێنانی ٤٨ کورسی براوەی دووەمی ھەڵبژاردنەکان بوو.

ماوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە، لایەنگرانی لایەنەکانی ناڕازیی لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق خۆپیشاندان دژبە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدەن و داوا دەکەن پرۆسەی دووبارە ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست بۆ سەرجەم وێستگەکان ئەنجام بدرێتەوە.

کەتائیبی حیزبوڵای عێراق بە یەکێک لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە دادەنرێت و ھێزی سەرایا بەرگریی مەدەنی لە ساڵی ٢٠١٤بە ئامانجی شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش، پێکهێنا.













گەلەری