وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق رایگەیاند، بانگێهشتی پاشکۆی کلتوری باڵیۆزخانەی لوبنانی کردووە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پێدانی بڕوانامەی ساختە بەسەدان خوێندکاری عێراقی کە لە نێویاندا ئەندام پەرلەمان و بەرپرس هەن.
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی هەواڵی فرەنس پرێس بڵاویکردەوە، چاوگێکی ئەکادیمی عێراقی ئاشکرای کردووە زانکۆکانی "زانکۆی مۆدێرن بۆ کارگێڕی و زانستەکان، زانکۆی ئیسلامی لوبنانی، زانکۆی جینان" بەشداربوون لە لێکۆڵینەوەکەدا بەهۆکاری ئەوەی سەدان بڕاوانامەی ساختەیان لەبەرامبەر بڕێک پارە داوەتە خوێندکارانی عێراقی.
ئاماژەی بەوەشداوە،
بەشێکی زۆر لەو خوێندکارانە لەماوەی سەرهەڵدانی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردندا بڕوانامەکانیان
بەدەستهێناوە و هیچ کاتێکیش سەردانی وڵاتی لوبنانییان بەمەبستی خوێندن نەکردووە.
چاوگە ئەکادیمییەکە
بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆر ئەندام پەرلەمان و بەرپرس بڕوانامەی
دکتۆرا و ماستەرییان لەو سێ زانکۆ لوبنانییە بە دەستهێناوە.
لەلایەن خۆیەوە
عەباس حەلەبی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لوبنان بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی
عێراقی راگەیاند، وەزارەتەکەی دەستیکردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و ئیداری
بەرامبەر ئەو زانکۆیانەی بڕانامەی ساختەیان داوەتە خوێندکارە عێراقییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا،
لێکۆڵینەوە لەو زانکۆ و بڕوانامانە دەکرێت کە گومان هەیە بە مەبەستی بازرگانیکردن
بڕوانامەیان بە خوێندکاری عێراقی فرۆشتبێت.
وەزیری خوێندنی
باڵا و توێژینەوەی زانستی لوبنان وتیشی، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە
و چارەسەرکردنی کێشەکەدان، ئامادەنییە هیچ وردەکارییەک لەسەر دۆسییەکە ئاشکرا بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە،
لە ١١ی ئەم مانگەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق بڕیارێکی فەرمی
دەرکرد لەبارەی هەڵپەساردنی کارکردن بە بڕوانامەی زانکۆکەکانی "زانکۆی مۆدێرن
بۆ کارگێڕی و زانستەکان، زانکۆی ئیسلامی لوبنانی، زانکۆی جینان" لوبنانی بەهۆکاری
ئەوەی ئەو زانکۆیانە پابەندی پێوەرە زانستییەکان نابن کە بە گوێرەی یاسا دەبێت بڕوانامەکان
و پلە زانستییەکان هاوتا دەکرێن.
کـ، ئـ