سەردێڕ:

حزبوڵای عێراق وەڵامی داواکارییەکەی موقتەدا سەدری دایەوە

PM:11:49:18/11/2021

6996 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر داوایکرد گروپە چەکدارەکان چەکەکانییان رادەستی حکومەتی عێراق بکەن، بەرپرسێکی گروپی چەکداری حزبوڵای عێراق دەڵێت، پێشوازی لە داواکارییەکەیان دەکەن و بە چەند مەرجێک قەبوڵیانە.


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر داوایکرد گروپە چەکدارەکان چەکەکانییان رادەستی حکومەتی عێراق بکەن و حەشدی شەعبی لە چەکدار و گروپە بێ سەرپەرشتییارەکان پاک بکرێتەوە.

لەو بارەیەوە، ئەبو عەلی عەسکەری بەرپرسی ئەمنی گروپی چەکداری حزبوڵای عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "پێشوازی لە وتاری رادەستکردنی چەکەکان بە حکومەتی عێراق دەکەین لە پێناو دوورخستنەوەی خەڵک لە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی."

ئەوەش هاتووە، "لە پێناو ئەنجامدانی ئەمکارەش پێویستە ئەو کەسەی داوای رادەستکردنی چەکەکان دەکات، خۆی یەکەم کەسبێت ئەو کارە ئەنجام بدات بە تایبەتی رادەستکردنی چەکە قورسەکان و بەرپرسیارێتی گروپە چەکدارییەکەی بگوازێتەوە بۆ ریزەکانی حەشدی شەعبی بە ئامانجی رێکخستنی چەکدارە بێ سەرپەرشتیارەکان."

ئاماژەی بەوەشداوە، دوای ئەوەی بڕگەی یەکەم جێبەجێکرا، دەبێت پێشمەرگە کە ژمارەیان نزیکەی ١٦٠ هەزار سەربازە و "بە نوێترین چەک پڕچەککراون چەکەکانییان رادەستی حکومەتی عێراق بکەن."

ئەبو عەلی عەسکەری دەشڵێت، ئەگەر ئەم دوو هەنگاوە نران، ئەوکات چەک دەکەوێتە دەستی حکومەتی عێراقەوە.

حەشدی شەعبی ساڵی ٢٠١٤ لە ژمارەیەک گروپ و چەکداری خۆبەخش کە زۆرینەیان شیعەن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکهێنرا و لە ئێستادا بەشێکە لە هێزە چەکدارەکان کە لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریی عێراقدا رێکخراون و پێشتر سەرۆکی دەستەکە ژمارەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی ئاشکراکرد و وتی، "ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی ١٤٩ هەزارە کە ٤٠ هەزاریان لە ناوچەکانی رۆژئاوان کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی سونە مەزهەبن."

کـ. ئـ













گەلەری