سەردێڕ:

لەسەر لێبڕینی موچە؛ زانیاری نوێ هات

AM:10:27:24/07/2021

270752 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، چاوەروانن لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بگات بە دەستیان لەبارەی چۆنێتی دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەوە.


چاوگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوان لە هەفتەی رابردوودا داوای میکانیزمەکەیان کردووە، کە وەڵامەکەیان بەدەست دەگات دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن.

هاوکات، چاوگێکی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بەئێن ئاڕ تی راگەیاند، " بڕی پارەی پێویست لەبەر دەستە بۆ دابەشکردنی موچە بە هەردوو جۆری لێبڕینی لە ٢١٪ و بەبێ لێبڕینیشەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە تاوەکو یەکلایی بکاتەوە دابەشکردنی موچەی ئەم مانگە چۆن دەبێت".

وتیشی، "بە دڵنیاییەوە موچەی ئەم مانگە بە لێبڕینی ٢١٪ نابێت، بەڵکو کەم دەکرێتەوە یان لێبڕین هەڵدەگیرێت."

پێشتر، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ئەم مانگە گۆڕانکاری بەسەر لێبڕینی موچەدا دێت، بەڵام کۆتایی نایەت، دەشڵێت، پێدەچێت موچە دوابکەوێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو داهاتەی کە هەیە بۆ ئەم مانگە بەشی زیاتر لە تەمویلی ٪٧٩ی موچە دەکات و رێژەی لێبڕین کەمدەکرێتەوە، بەڵام کۆتایی نایەت"، باسی لەوەشکرد، "ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە دابەشکردنی ٢٠٠ ملیارەکە، لە مانگەکانی داهاتوو حکومەتی هەرێم داهاتەکانی خۆی رێکدەخاتەوە و لێبڕینی موچە کۆتایی دێت."
بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەشڵێت، "ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە، لە مانگەکانی داهاتوو حکومەتی هەرێم داهاتەکانی خۆی رێکدەخاتەوە و لێبڕینی موچە کۆتایی دێت."
لە ماوەی رابردوودا حکومەتی هەرێم بڕاریدا بە دابەشکردنی موچە لە ٢٥ی مانگدا و هەر ٣٠ رۆژ جارێک موچە بەسەر موچەخۆراندا دابەشبکرێت، بەڵام بۆ ئەم مانگە موچە ١٧ رۆژ دواکەوت و دیار نییە ئاخۆ ئەممانگە بە چ میکانیزمێک دەبێت و کەی دەدرێت.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە ٧٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە و نرخی دۆلاریش بەرامبەر بە دینار بەرزبووەتەوە، هاوکات داهات زیادیکردووە، بەڵام موچە خۆران بە لێبڕینی ٪٢١ موچە وەردەگرن و هیچ بەڵێنێکیش نییە کە لێبڕینی موچە هەڵبگیرێت و روون نییە ئاخۆ حکومەت چەندی لێکەم دەکاتەوە.

 













گەلەری