سەردێڕ:

وێنە..کۆچبەرە عێراقییەکان لە فڕۆکەخانەى بیلاروسیا ئامادەکارى دەکەن بۆ گەڕانەوە

AM:10:50:18/11/2021

7476 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسى هەواڵى عێراقییە چەند وێنەیەکى فڕۆکەخانەى منیسکى لە بیلاروسیا بڵاوکردەوە کە ژمارەیەک لە کۆچبەرى عێراقى تێدایە و ئامادەکارى دەکەن بۆ گەڕانەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسى هەواڵى عێراقیە چەند وێنەیەکى کۆچبەرانى عێراقى لە فڕۆکەخانەى منیسک لە بیلاروسیا بڵاوکردەوە کە ئامادەکارى دەکەن بۆ گەڕانەوەى ئارەزومەندانە بۆ عێراق.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد سەحاف وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "بەڵگەنامەى گەشتکردنى ٤٣٠ کۆچبەرى عێراقى گیرخواردووى سنورى بیلاروسیا تەواوکراوە و ئەمڕۆ دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق".

وتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى عێراق روونیکردەوە کە تیمەکانى کونسوڵخانەى عێراق لە بیلاروسیا بەردەوامن لە تۆمارمردنى ٥٠ کۆچبەرى دیکە کە داواکارى گەڕانەوەیان پێشکەش کردووە.

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە وەزارەتەکە هەموو هەوڵێکى خۆى دەدات بۆ کارئاسانیکردنى گەڕاندنەوەى ئارەزومەندانەى ئەو کۆچبەرە عێراقییە گیرخواردووانەى سنورى بیلاروسیا و پۆڵەندا.

لێدوانەکە لەکاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسمانی بە ئامانجی گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران لە منسیکی پایتەختی بێلاڕوسیاوە بۆ ھەولێر و بەغدا ئەنجام بدرێت.

پێشتر ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەکەمین کاروانی کۆچبەرانی وڵاتی بیلاڕوسیا بگەڕێنەوە هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆچبەرانەی دەگەڕێنرێنەوە ژمارەیان نزیکەی ١٨٠ کۆچبەرە لە فڕۆکەخانەی مینسکی بیلاڕوسیا دەگەڕێندرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

ماوەیەکە دیاردەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم و عێراق بۆ بیلاڕوسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوهۆیەوە پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاتر کردووە و دوێنێ پێکدادان لە نێوان کۆچبەران و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار بوون وەک خۆیان دەڵێن.

کۆچبەران باس لەوەدەکەن، بەهۆی سەختی ژیان و نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.

کۆچی ئەمجارەی هاوڵاتیانی هەرێم جیاوازە و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنووری بیلاڕوسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەهۆی سەرماوە لەسەر هەمان سنور گیانیان لەدەستدا.













گەلەری