سەردێڕ:

پەیامێکی توند لە حەلبوسییەوە بۆ خەمیس خەنجەر

AM:08:43:24/07/2021

25772 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نامەیەکی توندی ئاڕاستەی ئەمینداری گشتی پڕۆژەی عەرەبی لە عێراق کرد و تیایدا دەڵێت، "دەتگێڕمەوە بۆ قەبارە راستەقینەکەی خۆت."


محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە سەرکردەیەکی دیاری سونەکانە نامەیەکی توندی ئاڕاستەی خەمیس خەنجەر ئەمینداری گشتی پڕۆژەی عەرەبی لە عێراق و سەرکردەیەکی دیاری سیاسی سوننەکانی عێراق کرد.

بەگوێرەی ئەو نامەیەی بڵاوکراوەتەوە سەرۆکی پەرلەمان تیایدا هەڕەشەدەکات و دەڵێت، "هەرگیز رێگەت پێنادەین سازش لەسەر خاکمان بکەیت، چەندین جار هەوڵمداوە بەرژەوندی نیشتیمانی و کێشەی سوننە بەسەر ناکۆکییە بچوکەکانماندا زاڵبێت کە سودی بۆ کەس نییە."

لە بەشێکی دیکەی نامەکیدا حەلبوسی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، "چەندین جار هەوڵمداوە بەڕاستت بزانم و پلانەکانت دژی دۆستەکانمان لە سوننە بە هەند وەرنەگرم، بە ئومێدی ئەوەی خۆت رێکبکەیتەوە، بەڵام بڕیارمداوە و هیچ دوو دڵنیم لێی کە بەر بە پلانەکانت بگرم و رێگەت پێنەدەم هەرچی هەمانە هەرزان فرۆشی بکەیت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەم چەند هەفتەی کۆتاییدا و لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، ناکۆکییەکانی نێوان پارت و سەرکردە سوننییەکان سەریانهەڵداوەتەوە بە تایبەتی لە نێوان کەسە یەکەمەکانی ئەو پارت و لایەنانە.

پێش چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، خەمیس خەنجەر بەڵێنی بە ئاوارەکانی "جەرف سەخر" لە باشوری بەغدا دابوو کە دەیان گێڕێتەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام چالاکوانانی مەدەنی دەڵێن کە هیچ هەنگاوێکی لەو شێوەیە تا ئێستا نەنراوە، رەنگە ئەمە هۆکاری توڕەبوونی سەرۆکی پەرلەمان بێت لەو سەرکردە سیاسییە.













گەلەری