وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگی هەردوولایان دەربارەی کۆچبەرانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا دوپاتکردەوە و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە بەهاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پێشوازی لە ڤیلا فاریۆلا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا کرد و تاوتوێی دۆخی کۆچبەرە گیرخواردوەکانی سنوری بیلاروسیایان کرد و راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە.
وەزیری کۆچبەران ئاماژەی بەوەشداوە، ''لە
ململانێی سیاسی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بیلاروسیا هاوڵاتیانی عێراق دەبنە قوربانی
و دووچاری مامەڵەی دوور لە مرۆڤایەتی و نیودەوڵەتی دەبنەوە".
باسی لەوەشکردووە، هەماهەنگی نێوان وەزارەت
و یەکێتی ئەوروپا دەربارەی کۆچبەرانی سنوری بیلاروسیا و پۆڵەندا بەپێویستزانی و
مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا مرۆڤ دۆستانەبێت و جەختییان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە
بەهاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
لەلای خۆشیەوە، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا
رایگەیاند، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی خستەڕوو و هەموو
توندوتیژییەکی دژی کۆچبەرە عێراقییەکان رەتکردەوە.
ماوەیەکە دیاردەی کۆچی ھاوڵاتییانی ھەرێم
و عێراق بۆ بیلاروسیا و دواتر بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی ئەوروپا دەستیپێکردووە، بەوھۆیەوە
پۆڵەندا ژمارەی سەربازەکانی لەسەر سنور زیاترکردووە و دوێنێش پێکدادان لە نێوان کۆچبەران
و سەربازانی پۆڵەندادا روویدا و حەوت سەربازی پۆڵەندا بە بەردی کۆچبەران بریندار
بوون وەک خۆیان دەڵێن.
کۆچبەران باس لەوە دەکەن، بەھۆی سەختی ژیان
و نەبوونی ھەلی کار و دامەزراندن و خراپی دۆخی ئابوری و پەککەوتنی زۆرینەی کەرتەکانی
ژیان روو لەو وڵاتانە و ئەو رێگا سەختە دەکەن.
کۆچی ئەمجارەی ھاوڵاتیانی ھەرێم جیاوازە
و بە منداڵ و گەنج و پیرەوە لەسەر سنوری بیلاروسیان، لە چەند رۆژی رابردووشدا منداڵێک
و مێردمنداڵێکی ١٤ ساڵ بەھۆی سەرماوە لەسەر ھەمان سنور گیانیان لەدەستدا.
لە ھەفتەی رابردووشدا، ھەریەکە لە حکومەتی
ھەرێم و حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی سنورەکە،
کە بە خواستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە.