سەردێڕ:

وەزارەتی پلاندانان میکانیزمی سەرژمێریکردنی دانیشتوانی ئاشکرا کرد

AM:09:13:16/11/2021

3488 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئامار و سەرژمێری دانیشتوانی وڵات بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت و لە ٢٠٢٢ بەڕێوەدەچێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، عەواد کازم سەرۆکی دەزگای ناوەندیی بۆ ئامار لە وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، سەرژمێری دانیشتوانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشدا، سەرژمێرییەکە بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەبێت و سەرژمێرییەکی تایبەت و ورد دەبێت.
باسی لەوەشکرد، لە رێکخستنی تۆمارەکان و داتا و زانیارییەکان دەتوانرێت دوای ١٠ ساڵی دیکەش پشت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە ببەسترێت بەگوێرەی رێنماییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.
عەواد کازم وتیشی، لەدوای سەرژمێرییەکەی ساڵی ١٩٩٧، سەرژمێری ئەمجارەیان تایبەتدەبێت، چونکە بەشێوازێکی ھونەری و بە ئەلیتکرۆنی بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی گرنگی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکەشەوە، ئاماژەی بەوەدا، لە ئێستادا ئەنجامدانی سەرژمێری بووەتە پێویستییەکی ناچاری بە ئامانجی گەشەسەندن و پلاندانانی داھاتوو.
دەشڵێت، لە ساڵانی ١٩٧٧ و ١٩٨٧ سەرژمێری دانیشتوان کراوە و دواجار لە ساڵی ١٩٩٧ سەرژمێری دانیشتوان کرایەوە، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی  بە باشترین سەرژمێری سەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی وەسفکراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا عەبدوزەھرە ھەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، دەستکراوە بە ئامادەکاری و تاقیکردنەوەی سەرژمێریکردنی دانیشتوانی وڵات بە ئامانجی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢. دەشڵێت، "پێویستە لە بودجەی گشتیدا بڕی ١٢٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان بکرێت".













گەلەری