سەردێڕ:

ئیمارات گەشتکردنی لە ھاوڵاتییانی عێراق و ئەم وڵاتانە قەدەغەکرد

PM:12:09:15/11/2021

11340 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی ئیمارات، ھاوشێوەی تورکیا، گەشتکردنی ھاوڵاتییانی عێراقی و سوری و یەمەنی و ئەفغانی بۆ بیلاروسیا قەدەغەکرد.


ئەمڕۆ دووشەممە، دەسەڵاتدارانی ئیمارات بڕیاریاندا چیدیکە رێگەنەدەن گەشتیارانی عێراقی و سوری و یەمەنی و ئەفغانی لەو وڵاتەوە بەرەو بیلاروسیا گەشت بکەن.
لەلایەن خۆیەوە، کۆمپانیای بیلافیای فڕۆکەوانی کە لەلایەن حکومەتی بیلاروسیاوە خاوەندارێتی دەکرێت رایگەیاند، حکومەتی ئیمارات لە ئێوارەی رۆژی یەکشەممەوە بڕیارەکەی دەرکردووە.
پێشتر یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، کۆچبەران بەشێکییان لە رێگەی ئیماڕاتەوە کۆچ بۆ بیلاروسیا دەکەن و حکومەتی بیلاروسیا ئیمارات وەک دەروازەیەک بۆ گواستنەوەی کۆچبەران بەکاردەھێنێت.
ھاوکات، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کێشەکە لەوەدایە، کۆچبەران لە رێگەی تورکیا و ئیمارات و میسر و قەتەرەوە بەرەو بیلاروسیا گەشتدەکەن و لەوێشەوە بەرەو سنورەکانی پۆڵەندا و لاتیڤیا و لیتوانیان کۆچدەکەن.
رۆژی ھەینی رابردووش حکومەتی تورکیا بەھۆی کێشەی کۆچبەرانەوە لەسەر سنورەکانی بیلاروسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا و لاتیڤیا، گەشتکردنی گەشتیارانی عێراقی و سوری و یەمەنی و ئەفغانی لە وڵاتەکەیەوە بۆ بیلاروسیا راگرت. 
ھەر ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە رۆژی پێنجشەممە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەم گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە گیرخواردووەکانی سنوری بێلارووس و پۆڵەندا ئەنجام دەدات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لێشاوی کۆچبەرانی ئاسیایی و ئەفریقی لە رێگەی وڵاتی بیلاروسیاوە بۆ یەکێتی ئەوروپا کێشە و گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و یەکێتی ئەوروپادا دروست کردووە. بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان یەکێتی ئەوروپا لە بیری ئەوەدایە سزاکانی سەر بیلاروسیا توندتربکات.

کـ ، ئـ












گەلەری