سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی عێراق: هێزەکانمان هێشتا پێویستیان بە بەرنامەکانی ئەمریکا هەیە

PM:06:52:23/07/2021

2940 جار خوێندراوەتەوە

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەیدا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵات هێشتا پێویستیان بەو بەرنامانە هەیە کە ئەمریکا بۆ مەشق و پڕچەککردن و پرۆسەکردن و دروستکردنی دایناون.


ئاماژەی بەوەشداوە، بە دوای ئەوەدا دەگەڕێین هەماهەنگی و هاریکاری دوو قۆڵی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەردەوام بێت و پابەندبوونی حکومەتی عێراق بەپاراستنی ئەندامانی ئەرکی دیپلۆماسی و بارەگا و ئاسانکارییەکانی نێوانیان و زامنکردنی ئاسایشی بنکە سەربازییەکانی عێراق کە میوانداریی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەن.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەم خولی دیالۆگە بەردەوامی سێ خولی پێشووە، کە لەسەر یەک ئەنجام دران، هەروەها بەرچاوڕوونی یەک خستنەوەی هاوبەشی و هاوپەیمانێتی نێوان عێراق و ئەمریکا و هەوڵی جدی هەردوو حکومەتە بۆ یەکخستنەوەی، هەروەها بەردەوامی ئەو هەوڵ و کۆششە هاوبەشانەی لەو خولانەدا کراون.

باسی لەوەشکردووە، ئەم کۆبوونەوانە گوزارشت لە خواستێکی جدی دەکات بۆ هەردوو وڵات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە کەرتە جیاوازەکاندا، وە تەواوکەری ئەو ڕێککەوتننامانەیە لە خولەکانی پێشوو لە کەرتەکانی وەک نەوت و گاز و کارەبا و دارایی و تەندروستی و ژینگە و ڕۆشنبیری و هەروەها لایەنی ئەمنی و سەربازی ئەنجامدراوە.

ئاشکراشیکردووە، عێراق هەوڵەکانی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاوەدانکردنەوە و مەشقکردن و هاوسەنگی و ئامۆژگاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەبواری هەواڵگریدا بەرز دەنرخێنێت بۆ ئەو ئامادەباشیەی کە پێویست بوو بۆ پشت بەستن بەتواناکانی خۆیان، بەو جۆرەش سەروەری و ئاسایشی عێراق و پاراستنی دەسکەوتەکانی بەرزدەکەنەوە بەشکستپێهێنانی رێکخراوی داعش.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە دیالۆگی ستراتیجی نێوان بەغدا و واشنتن دەستیپێکردووە، بەڵام لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە رەتکرایەوە کە چەند جارێک هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەکرد ئەگەر حکومەتەکەی کازمی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرنەکات.

رۆژی سێشەممەش، وەزیری دەرەوەی عێراق گەیشتە ئەمەریکا بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕی چوارەمی دیالۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا.

لە ماوەی رابردووشدا، چەندجارێک هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە واشنتن لە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدا گروپەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتبار دەکات.













گەلەری