سەردێڕ:

وەزارەتى دارایی لەبارەی نرخی دۆلارەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

PM:02:41:14/11/2021

25696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەنراوێکی لەبارەی نرخی دۆلارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چالاکی بازرگانی و جوڵەی بازاڕەکانی عێراقی زیادکردووە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دەوڵەت کەوتە ژێر قەیرانی دارایی و هەڕەشەی کەوتنی لەسەر بوو، هاوکات موچەی فەرمانبەرانیش لەمەترسیدا بوو، لەبەرئەوە پشتیان بە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەست و چاوەڕوان دەکرێت بەپلەبەندى ئابوری زیاتر ببوژێتەوە".

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا قەیرانی دارایی هەڕەشە بوو بۆ سەر تواناکانی دەوڵەت و نەیدەتوانی ئەرکەکانی وەکو خۆى بەجێبگەیەنێت و گەیشتە ئەو ئاستەی موچەی موچەخۆران مسۆگەرنەدەکرا".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر ئابوری نیشتیمان هەبوو".

وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستوتەڕوو، ''بەپشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سیاسەتەکانی وەزارەت و پاڵپشتی سندوقی نەختینە و بانکی نێودەوڵەتی، بڕیاری جێگیرکردنی نرخی دۆلاریان بەو شێوەیەی ئێستادا.''

باسی لەوەشکردووە، بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چالاکی بازرگانی و جوڵەی بازاڕەکانی عێراق زیادى کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا بەبڕیاڕێکی حکومەتی عێراقی، بانکی ناوەندنی هەر ١٠٠ دۆلارێکی بە ١٤٥ هەزار دینار جێگیرکرد.













گەلەری