سەردێڕ:

حکومەتى عێراق هەنگاوى کردارى بۆ بەهاناوەچوونى کۆچبەرە گیرخواردووەکانى بێلارووس گرتەبەر

AM:08:56:14/11/2021

10776 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند "رێکارە فەرمییەکانیان تەواوکردووە بۆ گەڕاندنەوەى ئارەزوومەندانەى ئەو کۆچبەرە عێراقییانەى کە لەسنوورى بێلارووس گیریان خواردووە".


کەریم نورى بریکارى وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقییەى راگەیاند "لە ٤٨ کاتژمێرى داهاتوو گەشتێکى ئاسمانى لە شارى منسک پایتەختى بیلارووس بەرەو بەغدا ئەنجام دەدرێت بۆ گەڕاندنەوەى ئارەزوومەندانەى ئەو کۆچبەرە عێراقییانەى کە لەسنوورى بێلارووس و پۆڵەندا گیریانخواردووە".

وتیشى "وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق هەر لەگەڵ دروستبوونى کێشەکە لەو سنوورە بە وردیى بەدواداچوونى بۆ ئەو دۆسیەیە کردووە و وەک نیازپاکییەکیش بەرامبەر بە ئەوروپا هەر زوو حکومەتى عێراق بڕیارى راگرتنى گەشتەکانیدا بۆ بێلارووس".

بریکارى وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق روونیکردەوە لێشاوى کۆچى هاوڵاتییانى عێراق بۆ بێلارووس لە رێگەى ئەو وڵاتانەوە ئەنجام دەدرێت کە هاوسنوورن لەگەڵ ئەو وڵاتە و سنوورى نێوان وڵاتانى لیتوانیا و لاتیفیا و بێلارووس لەگەڵ پۆڵەندا بۆ ٦٠٠ کیلۆمەتر دریژدەبێتەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەکانى ئەو وڵاتانە دەکەین کە سنورەکانیان توندوتۆڵ بکەن و رێگە بە کۆچى نایاسایى نەدەن.

کەریم نورى جەختیشیکردەوە "وەزیرى گواستنەوەى عێراق گەیشتووەتە مۆسکۆ و جموجۆڵ و کۆبوونەوەکانى لەو بارەیەوە دەستپێکردووە و لە ٤٨ کاتژمێرى داهاتوودا گەشتێکى ئاسمانى لەبێلارووسەوە بۆ عێراق ئەنجام دەدرێت بۆ گەڕاندنەوەى ئارەزوومەندانەى ئەو کۆچبەرە عێراقییانەى کە گیریان خواردووە".

ئاماژەى بەوەش کرد کە ئەوان ناتوانن زۆر لە کۆچبەرە عێراقییەکان بکەن بۆ گەڕانەوە و ئەو کارە دەبێت ئارەزوومەندانە بێت.

داواشى لەو وڵاتانە کرد کە کۆچبەران تیایدا گیریان خواردووە بەشێوەیەکى مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران بکەن و هەر کۆچبەرێک پاسپۆرتى پێ نییە نووسراوى گەڕانەوەیان بدەنێ".

وتیشى "داواشمان لە ئێران و تورکیا کردووە کە مافى گەشتکردن نەدەن بە هاوڵاتییانى عێراق بۆ گەشتکردن بۆ بێلارووس".













گەلەری